تۆری شەمس: ١٢٤ سکاڵای لایەنە سیاسییەکان تۆمار کراون
تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن ئاماری ئەو پێشێلکاریی و گرفتانەی بڵاو کردەوە کە چاودێرانیان لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/10/20241021-screenshot-2024-10-21-120714-750x430-pngb8e484-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئەمڕۆ تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن ئاماری ئەو پێشێلکاریی و گرفتانەی بڵاو کردەوە کە چاودێرانیان لە ڕۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، ٢٠ی تشرینی یەکەم، تۆمارییان کردووە و تیایدا هاتووە، لە بەشێکی زۆری بنکەکانی دەنگدان هەڵمەتی پروپاگەندەی هەڵبژاردن و کاندیدەکان بینراوە، کە ئەوە پێشێلی یاسا و ڕێساکانی ڕۆژی هەڵبژاردنە.
بە پێی ڕاپۆرتی تۆڕەکە، کە لەلایەن هۆگر چەتۆ، ڕێکخەری تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن، خوێندرایەوە، بەهۆی نەبوونی شارەزایی و کەمی کارمەندانی کۆمسیۆن لە بەشێک لە بنکەکان ئاڵۆزیی و گرفت جێبەجێکردنی ڕێکارەکان هەبووە. بەشێوەی بەردەوام و جیاواز چ لە دەستپێک و ناوەڕاست و چ لە کۆتایی هەژمار کردنی دەنگەکان، تێبینی دوورخستنەوەی بریکارانی لایەنی سیاسیی و چاودێرانی تۆڕی شەمس کراوە.
لەگەڵ ئەوانەشدا دیاردەی شکاندنی نهێنی دەنگدان بە بەکارهێنانی مۆبایل تۆمار کراون، هاوکات توندوتیژی هەڵبژاردن لەنیوان کارمەندانی کۆمسیۆن و هێزە ئەمنییەکان، کارمەندان و دەنگدەران و بریکاری لایەنە سیاسییەکان ڕووی داوە، گرفتی نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران بەردەوام بووە.
ڕێکخەری تۆڕەکە وتیشی، لە کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکانیش، ٣٤ حاڵەتی نەبوونی لێکچوون لەنێوان هەژمارکردنی ئەلکترۆنی و دەستیدا تۆمار کراون، ١٢٤ سکاڵای لایەنە سیاسییەکان بە درێژایی ڕۆژی دەنگدانی گشتیی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تۆڕی شەمسەوە تۆمار کراون.