کحول سێیەم هۆکاری تووشبوونە بە شێرپەنجە

کۆمەڵەیەکی شێرپەنجە ئاشکرای دەکات، ٥٪ی هۆکارەکانی شێرپەنجە لە دوای کێش زیادی و جگەرەکێشانەوە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە خواردنەوەی کحولەوە هەیە.

ناوەندی هەواڵ

 

نوێترین راپۆرتی کۆمەڵەی شێرپەنجە لە ئەمریکا لە ڕاپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، لە دوای قەڵەوی و جگەرەکێشانەوە، خواردنەوەی کحول سێیەم هۆکارە کە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاددەکات.

 

پزیشک راگاشی سێنگوپتا، پسپۆڕی شێرپەنجە لە کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەکردووە، خواردنەوەی کحول لە تەمەنێکی بچووکدا زیانەکانی دوو ئەوەندە دەبێت و لەگەڵ گەورەبووندا دەردەکەون، بە سنووردارکردن و دوورکەوتنەوە لە خواردنەوەی کحول، دەکرێت ٨٪ی مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەکان کەمببێتەوە.

 

بەپێی کۆمەڵەکە، ساڵانە لەو وڵاتە ٧٥ هەزار ئەمریکی تووشی شێرپەنجە دەبن کە لە مێژووی خێزانیی تووشبووەکان، خواردنەوەی کحول هەبووە.