هۆشیاری لەبارەی هەڵمەتی هەڵبژاردن بۆ ژنانی کاندید درا
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی کۆمسیاران و فەرمانگەی پارتە سیاسیەکان، بە ئاماددە بوونی ژنانی کاندید بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردن، سیمینارێکی هۆشیارییان لە بارەی هەڵمەتی هەڵبژاردنەوە بەڕێوەبرد.
سلێمانی
ئەمڕۆ لە هۆتێل گراند میلینیۆم لە شاری سلێمانی، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی کۆمسیاران و فەرمانگەی پارتە سیاسیەکان، بە سەرپەرشتی دکتۆر ئەحلام جابری، سەرۆکی تیمی ژنان لە هەڵبژاردندا، عەلی رەشید، ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیاران، دکتۆر هەیمان بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگەی پارتە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن، ئامانج عەزیز، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەڵبژاردنەکانی سلێمانی هۆشیاری لە بارەی پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ ژنانی کاندید بەڕێوەچوو.
لە سیمینارەکەدا کاندیدانی ژن لە هەردوو سنووری بازنەی سلێمانی و هەڵەبجە، نوێنەرایەتی وەزارەتی ناوخۆ و نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و بەشێک لە چالاکوانان بەشدار بوون، هۆشیاری لە بارەی ڕێکارەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن، ڕێکارەکانی دەنگدان، شێوازی دابەشکردنی کورسی و کۆتای ژنان، و هۆشیار کردنەوەی ژنانی کاندید بەرامبەر توندوتیژییە ئەلکترۆنییەکان و دانانی ڕێکاری چارەسەری و ڕووبەڕووبوونەوەیان، خرایەڕوو.
دکتۆر ئەحلام جابری، سەرۆکی تیمی ژنان لە هەڵبژاردن و ئەندامی ئەنجومەنی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، باسی لەوە کرد، لەلایەن تیمی ژنانی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە لە پێش هەر پڕۆسەیەکی هەڵبژاردن، تیمی پاڵپشتی هەڵبژاردنەکان ڕۆڵ دەبینێت بۆ ئاشناکردنی ژنانی کاندید بە تەواوی زانیارییەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان، وتیشی: ئێوە وەک ژنانی کاندید بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، پێویستان بە چەندین زانیاری دەربارەی سیستمەکانی هەڵبژاردن و ڕێکارەکانی دابەشکردنی کورسی کۆتای ژنان و کۆتای پێکهاتەکان هەیە، هەروەها پێویستە ڕێکارەکانی خۆپاراستن لە توندتیژیەکان و چۆنیەتی ڕووبەڕوو بوونەوەیان بزانن.
لە کۆتاییدا وتی: بۆ پاراستنی کاندیدانی ژن لە هەر توندوتیژیەک پێویستە کۆمسیۆن ئاگادار بکرێتەوە، لەلایەن نوێنەرانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان چەندین ڕێکار دەگیرێتەبەر، هەروەها سوپاسی کاندیدانی ژن دەکەین بۆ ئامادەبوونیان لەم سیمینارەدا بۆ هۆشیاربوونەوە بەرامبەر ئەو توندوتیژیانەی ئەنجام دەدرێن، ژنانی کاندید بەرپرسیارێتییەکی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ بۆ هەڵبژاردنەکان لە پەرلەماندا، ژنانی کاندید دەبنە دەنگی ژنان و منداڵان لە پەرلەماندا، پێویستە ئەو ئەرکەی لە ئەستۆیاندایە بە جێی بگەیەنن.
"پێویستە کاری ژنانی پەرلەمانتار بەدەستهێنانی مافەکانی ژنان بێت"
پەروین حەسەن سادق، ڕاوێژکار لە ئەنجومەنی باڵای ژنان و گەشەپێدان، باس لەوە دەکات، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کار لەسەر پاراستنی تەواوی کاندیدە ژنەکان دەکات، وتیشی: ئەنجومەنی خانمانی سەر بە حکومەتی هەرێم بە هاوکاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کار لەسەر پاراستنی ژنانی کاندیدی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەکەن، تا لە ماوەی دیاریکراوی بانگەشەدا، ژنانی کاندید بانگەشەیەکی هێمنانە و لەژێر تەواوی ڕێکارەکاندا بکەن، ژنان هۆشیار دەکەینەوە بە خۆپاراستنیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و کاندیدبوونیان لە پەرلەماندا، هەروەها کۆتای ژنان ڕێژەکەی ٪٣٠یە و لە هەوڵداین هەڵبژاردنەکانی دیکە ئەم ڕێژەیە بۆ ٪٥٠ بەرز بکەینەوە.
پەروین حەسەن، جەختی لەوە کردەوە، ژنانی پەرلەمانتار کاتێک دەچنە پەرلەمان بە نوێنەری هاوڵاتیان دەچنە پەرلەمانی کوردستان، "پێویستە ژنانی پەرلەمانتار لە ڕێگەی یاساکان و داکۆکی و جەختکردنەوەی دەسەڵاتیان هەوڵ بۆ مافەکانی ژنان بدەن لە پەرلەماندا، کارکردنی ژنان لە تەواوی سێکتەرەکانی ژیاندا هۆکارە بۆ داکۆکیکردنی ژنانی پەرلەمانتار لە پەرلەماندا، هەبوونی ژنان لە پۆستە دیاریکراوەکاندا و لایەنە جیاوازەکاندا هۆکارە بۆ کارکردنی پەرلەمانتاران لەسەر پرسەکانی ژن و لەو چوارچێوەیەشدا دەبێت لە پەرلەماندا داکۆکیکاری مافی ژنان بن و کار و چالاکییەکانیان لەو پێناوەدا بێت.
جێی ئاماژەیە، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵی وەک دوا وادە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاری کرد و بانگەشەی هەڵبژاردنیش لە ٢٥ی ئەیلوولەوە دەستی پێکردووە، کە چوارچێوەی کار و بانگەشەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراقەوە دیاری کراوە.