ڕابیعە ئۆنڤەر بە "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست" تۆمەتبار کرا
پەیامنێری ژن نیوز ڕابیعە ئۆنڤەر لەلایەن داواکاری گشتیەوە بەهۆی هەواڵی "شەڕی تایبەت لە جۆلەمێرگ" بە "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست" سزادرا.
![](https://jinhaagency1.com/uploads/so/articles/2024/09/20240923-i-m-g-8332-webp69098b-image.jpg)
ناوەندی هەواڵ
ڕابیعە ئۆنڤەر بە هۆی ئاشکراکردنی لەشفرۆشی و بازرگانی ماددە هۆشبەرەکانی لە جۆلەمێرگ بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک بە ناوی "شەڕی تایبەت لە جۆلەمێرگ"، پۆلیس لە ٢٠ ئەیلوولدا هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی و ئەمڕۆش ڕاگەیاندرا کە سەرۆکایەتی داواکاری گشتی جۆلەمێرگ لێکۆڵینەوەی دەستپێکردووە بە ئیدیعای "بڵاوکردنەوەی زانیاری ناڕاست" و بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی ماددە دیجیتاڵییەکانی داوە.
لقی کۆمەڵەی پارێزەران بۆ ئازادی-ئۆهەدەی شاری جۆلەمێرگ لە هەژماری دیجیتاڵی میدیای خۆیدا ئەم لێدوانەی سەبارەت بەو پرسە بڵاوکردەوە: "موەکلەکەمان ڕۆژنامەنووسە و مافی وەرگرتنی زانیاری لە خەڵک وەرگرتووە و کاری ڕۆژنامەگەریی کردووە".
هەروەها ڕایانگەیاندووە: "ئازادی ڕۆژنامەگەری و مافی وەرگرتنی زانیاری بۆ دیموکراسی پێویستە، لە وڵاتێکدا کە بە دیموکراسی بەڕێوەدەچێت، هەوڵدان بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەگەری لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە، جددیترین لێدانی دیموکراسی و متمانە بە دەسەڵاتی دادوەری بووە".
ئۆهەدە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئازادی ڕۆژنامەگەری و ئازادی مافی خەڵک بۆ وەرگرتنی زانیاری پێشێل کراوە و ڕایگەیاند، "بۆیە دەمانەوێت دەستبەجێ لەم کارە بگەڕێنەوە و پەیڕەوی گشتی یاسا جێبەجێ بکەن".