"دایکم مینا سوڵتانی لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونی دایە"

میلاد محەمەدی، کوڕی مینا سوڵتانی گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ماوەی ٩ ڕۆژە مینا سوڵتانی دەستگیر کراوە و گوازراوەتەوە زیندانی ورمێ و لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونیدایە

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو، میلاد محەمەدی، برای شەهریار محەمەدیی گیانبەختکردووی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادیی"، سەبارەت بە دەستگیر کردنی دایکی بە ناوی مینا سوڵتانی، لە پێگەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە و وتی: ماوەی ٩ ڕۆژە مینا سوڵتانی دەستگیر کراوە و گوازراوەتەوە زیندانی ورمێ و لە ژێر ئەشکەنجەی دەروونیدایە.

 

میلاد محەمەدی ئاماژەی بەوەشکردووە، کە دایکی بە تۆمەتی دادپەروەریی دەستگیرکراوە، لەبەر ئەوەی داوای مافی کوڕە کوژراوەکەی کردووە، کە لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە کوژراوه، وتیشی: "داوا لە ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ئازادییخوازان و چالاکوانانی ژنان دەکەم بێنە دەنگ".

 

کوڕەکەی دایە مینا سوڵتانی جەخت دەکاتەوە، کە هیچ هەڕەشە و ئەشکەنجەدانێک نایانوەستێنێت و دەڵێت: لەسەر مافی خۆمان بێدەنگ نابین.

 

جێی باسە، لە ڕۆژی ١١ـی ئەیلوولی ئەمساڵ لەگەڵ نزیکبوونەوی لە دووەمین ساڵیادی کوشتنی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی ، مینا سوڵتانی دایکی شەهریار محەمەدی، کە یەکێکە لە گیان بەختکردووانی شۆڕشى "ژن، ژیان، ئازادیی' لە بۆکان  لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ زیندانی ورمێ گواستراوەتەوە.