لە ورمێ وازهێنان لە خوێندن زیادی کردووە

نەبوونی پێداویستیی خوێندن، هەژاری ئابووری و هەڵاواردنی سیستماتیکی لە دژی ناوچە پەراوێزییەکان هۆکاری سەرەکی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای ورمێن.

لانە محەمەدی

 

ورمێ - سەرەڕای سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەکانی و هەڵکەوتەی جوگرافیای گرنگی  پارێزگای ورمێ، نەبوونی ژێرخانی پەروەردەیی دروست و هەژاری بەربڵاو بەردەوامە و ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لەم پارێزگایە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانی و گوندنشینەکان یەکێکە لە بەرزترین ئاستی وڵات.

 

بەپێی ئەو ئامارەی کە لەم دواییانەدا بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کاروباری کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیری قایمقامیەت بڵاویکردۆتەوە، لەم پارێزگایە بەڕێژەی ٪١٠ی خوێندکاران وازیان لە خوێندن هێناوە، لە دوای سیستان و بەلوچستانیش لە پلەی دووەمدایە.

 

"هەژاری و بێکاری؛ هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنان لە خوێندن"

یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی وازهێنان لە خوێندن لە ورمێ و گوندەکان هەژاری ئابوورییە، زۆرێک لە خێزانەکان ناتوانن پارەی خوێندنی منداڵەکانیان بدەن، ڕوناک محەمەدی، مامۆستای یەکێک لە قوتابخانە سەرەتاییەکانی ورمێ ڕوونیدەکاتەوە: "لە زۆرێک لە گوندەکانی پارێزگاکە قوتابخانەکان کەمترین ئاسانکارییان نییە، خێزانەکان بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی خوێندنی منداڵەکانیان، لەوانەش کەلوپەلی نووسین و جلوبەرگ، ڕووبەڕووی کێشەی گەورە دەبنەوە، هەندێک خێزان تەنانەت توانای ئامادەکردنی ژەمێکی گونجاویان نییە بۆ منداڵەکانیان، پارەی خوێندنیش بمێنێت.

 

لە کاتێکدا زۆرێک لە ناوچە شارییەکانی وڵات پێداویستیی پەروەردەیی باشتریان هەیە، ئەم پێداویستیانە لە ناوچە گوندنشینەکانی پارێزگای ورمێ و بە تایبەت ناوچە کوردنشینەکان بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە دابەش دەکرێن، لەم ناوچانەدا قوتابخانەکان پەرتوکخانە و تاقیگە و کەرەستەی پەروەردەیی دروستیان نییە، زۆرێک لە خوێندکاران بەهۆی دووری قوتابخانەکان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان و نەبوونی ئۆتۆمبێلی گونجاو، لە خوێندن بەردەوام نابن.

 

"ڕۆڵی سیستماتیک بۆ وازهێنان لە خوێندن"

هەژاری ئابووری تەنیا یەکێک لە هۆکارەکانی وازهێنان لە خوێندن لە ورمێدایە، هەڵاواردنی سیستماتیکی دژی ئەو بوارانەی کە بە "پەراوێز" ناسراون، ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت، سیاسەتی پەروەردەیی و کولتووری ڕژێمی ناوەندی بە شێوەیەک داڕێژراون کە پێویستییە تایبەتەکانی ناوچە پەراوێزییەکان لەبەرچاو نەگرن.

 

ڕوناک محەمەدی ڕوونیشی دەکاتەوە: "پەرتوکە پەروەردەییەکان کە لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ڕژێمدا دەگونجێت و هیچ پەیوەندییەکی بە کولتووری ناوخۆییەوە نییە، دەبێتە هۆی ناڕەزایی و نامۆبوون لای خوێندکاران، ئەم ناتەبایی کولتوورییە بە توندی هەستی پێدەکرێت، بەتایبەتی لە کوردستان، زۆرێک لە خوێندکاران ناتوانن پەیوەندییان بەم پەرتوکانەوە هەبێت و لە کۆتاییدا واز لە خوێندن دێنن، سیاسەتەکانی ڕژێم لەم بوارانەدا زیاتر لەسەر کۆنترۆڵکردن و ژێردەستەکردنە نەک باشترکردنی بارودۆخی ژیان و پەروەردە، هەڵاواردن لە تەرخانکردنی سەرچاوەکان و گرنگی نەدان بە پێداویستییە پەروەردەییەکانی ئەو ناوچانە وایکردووە وازهێنان لە خوێندن بکاتە قەیرانێکی جیدی.

 

"سیاسەتی نادادپەروەرانە لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا"

لە پێکهاتەی سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێراندا، تێڕوانینی ناوەند بۆ پەراوێز، هەمیشە پرسێکی تەحەدای بووە، پارێزگاکانی وەکو ورمێ و پارێزگاکانی دیکەی کوردستان بەهۆی دووری جوگرافی و کولتوورییەوە لە ناوەند کەمتر سوودمەندن لەو دەرفەتانە، ئەم نایەکسانییانە لە بواری پەروەردەشدا بە ڕوونی دەبینرێن.

 

ئەو مامۆستایە دەشڵێت: لە کاتێکدا تاران و ناوەندە گرنگەکانی دیکەی وڵات پێداویستیی پێشکەوتووی پەروەردەیی و قوتابخانەی ئەهلی باشیان هەیە، ناوچەکانی دەوروبەری وەک ورمێ ڕووبەڕووی کێشەی وەک نەبوونی قوتابخانە، مامۆستای ناپسپۆڕ و خراپی ژێرخانی پەروەردە دەبنەوە، ئەم نایەکسانییانە دەبێتە هۆی ئەوەی خوێندکاران لەم بوارانەدا هەر لە سەرەتاوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی جددی ببنەوە.

 

"دەرئەنجامە کۆمەڵایەتییەکانی وازهێنان لە خوێندن"

زیادبوونی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای ورمێ لێکەوتەی کۆمەڵایەتی بەرفراوانی هەیە، وازهێنانی خوێندکاران بەتایبەتی کچان لە قوتابخانە دەبێتە هۆی زیادبوونی هاوسەرگیری منداڵان و زیادبوونی منداڵانی کارمەند و خراپتربوونی هەژاری لە کۆمەڵگەدا، هاوسەرگیری پێشوەختە کە بە شێوەیەکی سەرەکی بەهۆی فشارە کولتووری و ئابوورییەکانی ئەو ناوچانە ڕوودەدات، کچان لە دەرفەتی خوێندن بێبەش دەکات و سووڕی هەژاری و نایەکسانی درێژە پێدەدات.

 

ئەو مامۆستایە دەشڵێت: هاوسەرگیری پێشوەختەی کچانی ئەو ناوچانە پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە وازهێنان لە خوێندنەوە هەیە، زۆرێک لە خێزانەکان بەهۆی کێشەی ئابووری کچەکانیان ناچار دەکەن هاوسەرگیری بکەن و ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی دەرفەتی خوێندنیان لێ بسەندرێتەوە، هەروەها لە ئەنجامی وازهێنان لە خوێندن ژمارەی منداڵانی کار زیادی کردووە و ئەم کێشەیە هەژاری لە کۆمەڵگەدا گەورەتر دەکات.

 

''پێشنیاری چارەسەر بۆ کەمکردنەوەی وازهێنان لە خوێندن''

بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی وازهێنان لە خوێندن لە پارێزگای ورمێ، پێویستی بە ڕێوشوێنی جددی و بەرنامەی پشتیوانی دەوڵەت هەیە، پێویستە دەوڵەت پارەی زیاتر بۆ ئەو ناوچانە تەرخان بکات و ڕێگری بکات لە جیاکاری لە دابەشکردنی سەرچاوەکاندا، دروستکردنی قوتابخانەی نوێ و باشترکردنی ژێرخانی پەروەردەیی و زیادکردنی ژمارەی مامۆستایانی پسپۆڕ لە ڕێکارە پێویستەکانن.

 

ئەو مامۆستایەش دەڵێت: پێویستە حکومەت بەرنامەی پاڵپشتی بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان جێبەجێ بکات بۆ ئەوەی بتوانن تێچووی خوێندنی منداڵەکانیان دابین بکەن، پێشکەشکردنی یارمەتی دارایی بۆ خوێندکاران، دابینکردنی ژەمەکانی قوتابخانە بەخۆڕایی و باشترکردنی ژێرخانی پەروەردەیی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن سەرەڕای سامانە سروشتییە دەوڵەمەندەکانی و هەڵکەوتەی جوگرافیای گرنگ، پارێزگای ورمێ بە دەست نەبوونی ژێرخانی پەروەردەیی دروست و هەژاری بەربڵاو بەردەوامە، ڕێژەی وازهێنان لە خوێندن لەم پارێزگایە بەتایبەت لە ناوچە کوردستانی و گوندنشینەکان یەکێکە لە بەرزترین ئاستی وڵات.