ئازایەتی ژنانی ئەفغانی سەرچاوەی ئیلهامە بۆ هەموو جیهان

مەلالە یوسفزای، چالاکوانی مافەکانی ژنان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە هەژماری خۆیدا گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە وەڵامی بەردەوامی بێبەشکردنی کچانی ئەفغانستان لە خوێندن بڵاوکردەوە و وتی: ئازایەتی ژنانی ئەفغانستان لە دژی تاڵیبان سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشە بۆ خەڵک.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ، ١٦ی ئەیلوول، مەلالە یوسفزای، چالاکوانی مافی مرۆڤ و ژنان و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی لە پاکستانەوە، کاردانەوەی بەردەوام بێبەشکردنی کچانی ئەفغانی لە خوێندن و دەرکردنی یاسایەکی نوێ بە ناوی "یاسای فەرمانکردن بە چاکە و قەدەغەکردنی خراپە" کە ژنانی ئەفغانی بەتەواوی لە ماڵەوە دەهێڵێتەوە و پەراوێزیان دەخات، نیشاندا و ڤیدیۆیەکی لە ئەکاونتی خۆی لە ئێکس بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: بوێری ژنانی ئەفغانی دژی تاڵیبان سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشە بۆ خەڵک لە هەموو جیهاندا.

 

لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا مەلالە یوسفزای ستایشی بەردەوامی خەبات و خۆڕاگری ژنان و کچانی ئەفغانی لە دژی سیاسەتی سەرکوتگەرانەی تاڵیبان دەکات و دەشڵێت: ئەمڕۆ دەمەوێت پەیامێک لەگەڵ خوشکە ئەفغانییە بەهێزەکانمدا بەش بکەم، لە کاتێکدا تاڵیبان ڕێگریت لێدەکات بچیتە قوتابخانە و هەوڵی سڕینەوەی تۆ لە گۆڕەپانی ژیانی کۆمەڵایەتی دەدات، تۆش لە دژی تاوانەکانیان دەجەنگیت و بەردەوام بەرەنگاری دەبیتەوە، بوێری ئێوە سەرچاوەیەکی ئیلهامبەخشە بۆ من و خەڵکی جیهان.

 

ئەم چالاکوانەی مافی ژنان، لە درێژەی گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکەیدا، جەختی لەوە کردەوە کە، سەختە تەنانەت بە خەیاڵیشدا بێت لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تاڵیبان خوێندنی بۆ کچانی سەروو پۆلی شەشەم قەدەغە کردووە و دەشڵێت: ئەمانە هەموویان بەشێکن لە سیاسەتی دڕندە و ژنکوژانەی تاڵیبان، هەر ئەم گروپەیە کە ژنانی لە کار و خوێندن و بەشداری کۆمەڵایەتی بێبەش کردووە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا، مەلالە یوسفزای ئاماژەی بەوەدا، پاڵپشتی لە پەروەردەی ژنان و کچانی ئەفغانستان دەکات و وتی: تەنانەت ئەگەر بە ملیۆنان کچی ئەفغانی لە چوون بۆ قوتابخانە قەدەغە بکرێن، ئەوا بە شێوەی جۆراوجۆر پەروەردە دەکرێن، لەوانەش خوێندنی ماڵەوە، بە شێوەی ئۆنلاین، ڕادیۆ و تەلەفزیۆن بەردەوامن لە فێربوون.

 

جەختی کردەوە کە، هەمیشە پشتگیری لە مافەکانی ژنانی ئەفغانستان کردووە و چەندین جار داوای لابردنی قەدەغەکردنی خوێندنی ژنانی کردووە.