لە دوو هێرشی ئاسمانیدا لە کەرتی غەززە ٦ کارمەندی UNRWA گیانیان لەدەستدا

لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، هێزەکانی ئیسرائیل سێ کۆمەڵکوژییان لە کەرتی غەززە ئەنجامدا و ٦٤ کەس گیانیان لەدەستدا و ١٠٤ برینداریش هەن.

ناوەندی هەواڵ

 

شەڕی نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ ٣٤١هەمین ڕۆژی لەسەریەک بەردەوامە و هەزاران کەس بوونەتە قوربانی، دوێنێش دەزگای فریاگوزاری و کاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین-UNRWA ڕایگەیاند کە لە دوو هێرشی ئاسمانی بۆ سەر قوتابخانەیەک لە ناوەڕاستی کەرتی غەززە شەش لە کارمەندەکانی گیانیان لەدەستداوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەمە زۆرترین ژمارەی گیان لەدەستدانە لە نێوان کارمەندەکانیدا لە یەک ڕووداودا.

 

لەناو ئەو ئەندامانەی UNRWA کە گیانیان لەدەستداوە، بەڕێوەبەری پەناگەی UNRWA و هاوکارانی ئاوارەکان هەیە.

 

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە ئەم قوتابخانەیە پێنج جار بۆردوومان کراوە، هەروەها نزیکەی ١٢ هەزار ئاوارەی داڵدەداوە کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون، نووسینگەی ڕاگەیاندنی غەززە ڕایگەیاندبوو کە “لانیکەم ١٨ کەس لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەکە گیانیان لەدەست داوە"، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرزی پشتڕاست کردەوە کە لێپرسینەوە نەکردن لە کوشتنی کارمەندان و کرێکارانی فریاگوزاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە غەززە "بەتەواوی قبوڵ ناکرێت".

 

بەرزی ژمارەی گیان لەدەستدان

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی شەڕی بەردەوام بۆ ٤١ هەزار و ٨٤ کەس بەرزبووەتەوە کە زۆربەیان ژن و منداڵن، هاوکات لە ٧ی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە ٩٥ هەزار و ٢٩ کەسی دیکە برینداربوون.

 

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی ئیسرائیل سێ کۆمەڵکوژییان لە دژی خێزانەکان ئەنجامداوە، کە ٦٤ کوژراو و ١٠٤ بریندار هەیە، چەندین حاڵەتی سەختیش گەیشتوونەتە نەخۆشخانەکان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ئاماژەی بەوەشکرد، هێشتا ژمارەیەک قوربانی لە شوێنی ڕووداوەکان ماون، کە تیمەکانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و بەرگری شارستانی ناتوانن بیانگەنێ.