بە ڕێپێوانێک هێرشی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر کامپی مەخموور شەرمەزار کرا
دانیشتوانی کامپی پەنابەرانی ڕۆستەم جودی-مەخموور بە ڕێپێوانێک بۆردوومانی ماڵێکی کامپەکەیان لەلایەن فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکیاوە شەرمەزار کرد، کە بەهۆیەوە ٣ ژن بریندار بوون. لە ڕێپێوانەکەشدا بانگەوازی بۆ بەرزکردنەوەی تێکۆشان کرا.
مەخموور
دوێنێ کاتژمێر ١٧:٠٥ لە کەمپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی-مەخموور ماڵێک لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا. لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٣ ژن بە ناوەکانی گوڵ ئۆزەک، عەزیمە کابول و ئەدیبە پاکسۆی بریندار بوون و لە نەخۆشخانە چارەسەری پێویستیان بۆ دەکرێت.
خەڵکی گوندەکە ڕێپێوانێکی جەماوەرییان دژی هێرشەکە لە دەروازەی نەخۆشخانەی مەخموورەوە دەستیپێکرد، تا بەر نەتەوە یەکگرتووەکان بە دروشمی "مەرگ بۆ خیانەت"، "بژی بەرخۆدانی مەخموور" و " بەبێ سەرۆک ژیان نابێت" بەردەوام بوو. دوای خولەکێک ڕێزگرتن، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی کامپی مەخموور، فیلیز بوداک، بەناوی خەڵکی کامپی مەخموورەوە وتارێکی پێشکەشکرد.
"بێدەنگی حکومەتی عێراق نیشانەی هاوکارییانە"
فیلیز بوداک، لە سەرەتای وتارەکەیدا جەختی لە هاوکاری حکومەتی عێراق و پارتی دیموکراتی کوردستان-پەدەکە لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا کردەوە و وتی: ئەمڕۆ جارێکی دیکە لە دەوروبەری کاتژمێر ١٧:٠٠ لە کامپەکە ماڵێک کە ساڵانە وەک ڕێکخراوێک بۆ دایکانی ئاشتی بەکاردێت، لەلایەن فڕۆکەکانی دەوڵەتی تورکەوە بۆردوومان کرا، توڕەیی ئێمە لە بەرامبەر هێرشەکان زۆر گەورەیە. هەموو هێرشەکان بۆ سەر کامپەکە بە ئامانجی ترساندن و لەناوبردنی ڕێکخستنی خەڵکی کامپەکە ئەنجام دەدرێن، هەرچی بکەن، ئەم گەلە تەنانەت بۆ ساتێکیش بەرخۆدانیان ڕاناگرن. ئەمڕۆ ١٢ ڕۆژە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەناو کامپەکەدا دەگەڕێت، هێرشەکە بۆ سەر کامپەکە لەو ساتەدا بووە کە ئەو شاندە لە ناو کامپەکە دەگەڕا، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٣ ژن بریندار بوون، تا ئێستا دەیان هێرشی ئاسمانی بۆسەر ئەو کامپە کراوە، بەڵام حکومەتی عێراق هەرگیز کاردانەوەی نەبووە و هێرشەکانی سەر خەڵکی کامپی مەخموور لە ئەنجامی ڕێککەوتنی نێوان وڵاتانەی بەشداری لۆزان ڕوویدا. ئەم هێرشانە بۆ سەر خەڵکی مەدەنی بەشێکە لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بە هاوکاری حکومەتی عێراق و پەدەکە، ئێمە لە کامپێکدا لە ژێر چاودێری حکومەتی عێراقدا دەژین و ئەو ناوچانە ڕۆژانە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە هێرشیان دەکرێتە سەر و بێدەنگی حکومەت هاوکاریان دەردەخات.
"هەرگیز وەک خەڵکی مەخموور تەسلیم نەبووین و هەرگیز تەسلیم نابین"
فیلیز بوداک لە دژی هێرشەکان داوای سەهەڵدانی گەلی کورد دەکات و وتی: لە بەرامبەر هێرشەکاندا، هەڵوێستی شەڕی گەلی شۆڕشگێڕی وەڵامێکی بەهێز دەبێت. هەموو هێرشەکان لە چوار پارچەی کوردستان یەک ئامانجی هەیە، پێویستە هەموو گەلەکەمان بەرامبەر ئەم هێرشانە بوەستن، ئێمە داوای خەباتی ناوەندی دەکەین و وەک خەڵکی کامپی مەخموور هەرگیز تەسلیم نەبووین و هەرگیز تەسلیم نابین، ئێمە لە بەرخۆدانەکەماندا بە بڕیارین.
"داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات"
وەسیلا چەلەبی، دانیشتوویەکی کامپەکەیە و توڕەیی خۆی لە بەرامبەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بەم شێوەیە دەربڕی: "دەوڵەتی تورک دووبارە هێرشی کردە سەرمان و ٣ ژنیش بریندار بوون، ئێمە بە هۆی زوڵمی دەوڵەتی تورکەوە لە شوێنی جیاوازەوە کۆچمان کرد و لێرە نیشتەجێ بووین، بەڵام هێرشەکانی دەوڵەتی تورک دژی ئێمە بەردەوامن. ماوەیەکە شاندی نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق بە مەبەستی سەرژمێری ماڵ بە ماڵ دەگەڕێن. ئێمە وەک گەلی کورد تێکۆشان و بەرخۆدانی خۆمان ڕاناگرین، حکومەتی عێراق لە بەرامبەر ئەو هێرشانە بێدەنگە، داوا لە هەموو جیهان و هەموو گەلی کورد دەکەم هەستن و هەڵوێستیان هەبێت، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.
"هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر ئێمە ساڵانێکە بەردەوامە"
کەریمان قانات ئیدانەی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکی بۆ سەر کامپی مەخموور کرد و وتی: ساڵانێکە دەوڵەتی تورک هێرش دەکاتە سەرمان، دەوڵەتی تورکیا بەبێ ئەوەی بڵێت ژن و منداڵانن، هێرشەکانی ئەنجام دەدات، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق دەکەین ئەرکی خۆیان جێبەجێ بکەن.