"ڕێگە نادەین دەوڵەت منداڵ بکوژەکان بپارێزێت"

کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە کوشتنی نارین گۆرانی تەمەن ٨ ساڵان بڵاوکردەوە و دەڵێت: "ئەو دڕندەییەی بەسەر تەرمی نارینی تەمەن ٨ ساڵدا کراوە، گورز و هێرشێکە لە دژی بەها و کەرامەتی مرۆڤایەتی".

ناوەندی هەواڵ

 

نارین گۆرانی تەمەن ٨ ساڵان لە ٢١ی ئاب لە گەڕەکی چولی سەر بە شارۆچکەی ڕێزان سەر بە ئامەد بێسەروشوێن بوو و دوای ١٩ ڕۆژ تەرمەکەی لەناو کیسەیەکدا لە ڕووباری ئێگەرتووتماز دۆزرایەوە. کوشتنی نارین کاردانەوەی بەدوادا هات و ئەنجومەنی کۆنگرەی ستار ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی سەبارەت بە کوشتنی نارین گۆرانی تەمەن ٨ ساڵ بڵاوکردەوە.

 

"دەوڵەت دەیەوێت بکوژەکان بشارێتەوە"

لە سەرەتای ڕاگەیەندراوکەدا هاتووە: "هەرچەندە ٢٠ ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام دەوڵەت هیچ زانیارییەک لەسەر بکوژەکان نادات و دەیەوێت ڕووداوەکە دابخات. دەوڵەتی تورکی فاشیست دەیەوێت ڕووداوەکە بهێڵێتەوە و بکوژەکان بشارێتەوە. هەر کە ڕووداوەکە بیسترا، قەدەغەی بڵاوکردنەوەی دانرا. دەوڵەت دەیەوێت بە قەدەغەکردنی دۆسیەکان و دواخستنی کارەکان، بەڵگەکان پەردەپۆش بکات. بارودۆخی ڕووداوەکە دەریدەخات کە چالاکییەکە بە شێوەیەکی زۆر پرۆفیشناڵ ئەنجامدراوە. بە ڕەشکردنەوەی بەڵگەکان، بکوژە ڕاستەقینەکان دەشاردرێنەوە".

 

"ڕووداوەکە لەژێر ناوی شایەتحاڵێکی نهێنیدا بۆ کاتی خۆی جێهێڵراوە"

لە ڕاگەیەندراوکەدا ئاماژە بە هەوڵەکانی دەسەڵاتدارانی دەوڵەتی تورکیا کرا بۆ ڕوونکردنەوەی ڕووداوەکە و لە بەردەوامیەکەیدا هاتووە: لە ڕۆژی دەیەمدا سەرۆکی جەندرمە ڕایگەیاند "بەڵگەی ڕوونمان لەبەردەستە، بە زووترین کات دەگەینە ئەنجام" . بەڵام ٢٠ ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا هیچ لێدوانێکی ڕوون نییە. فەرماندەی جەندرمەش بێدەنگ کرا و ڕووداوەکە لە ژێر ناوی شایەتحاڵێکی نهێنیدا بە کاتی خۆی جێهێڵدرا. هەموو خێزانەکە لەلایەن حکومەتەوە دەستبەسەر و بێدەنگ کران. گالیپ ئەنساری ئۆغڵو، پەرلەمانتاری ئاکەپە وتی، "چل ساڵە هاوڕێین، شتگەلێک هەیە دەیزانین". ئەمەش ئەوە دەردەخات کە دەستوەردانیان لە ڕووداوەکەدا کردووە. گەلی کورد زۆر باش دەزانێت کە گالیپ ئەنساری ئۆغڵو و بنەماڵەکەی چەن کاری گڵاویان لە ناوچەکەدا کردووە. ئەم بنەماڵە و کەسانی دیکەی هاوشێوەی ئەوان جەماعەت، تەرێقەت و حیزبوڵڵایان لە کوردستان دامەزراند. لە ساڵانی نەوەدەکانەوە پەنجەیان لە خوێنی سەدان گەنجدا هەیە".

 

"ئێمە هەڵوێستی خەڵکی ئامەد پیرۆز ڕادەگرین"

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا کۆنگرەی ستار ئەم بانگەوازەی خستەڕوو: "ئێمە وەک کۆنگرە ستار داوا لە گەلی کورد و گەلی بە ویژدانی تورکیا دەکەین بێنە دەرەوە و بێنە سەر شەقامەکان دژی ئەم شەرمەزارییە و هێرشکردنە سەر کەرامەتی مرۆڤ هەستنەوە، هەروەهها لە دژی ئەم سیاسەتە پیسە بوەستن. نابێت وەک ڕووداوەکانی تر لە سەرکۆنەکردندا سنووردار بکرێت. پێویستە کۆمەڵگە هەڵوێستی گشتی بەرامبەر ئەم ڕووداوە بگرێتەبەر. ئەمە شەرمەزاریەکی گەورەیە بۆ کۆمەڵگە و مرۆڤایەتی. گرنگیدان بەو منداڵانە و ئاشکراکردنی ئەو تاوانانە، گرنگیدان بە بەهای کۆمەڵگە و مرۆڤایەتییە.

 

هه ڵوێستی خەڵکی ئامەد له بەرامبەر ئەم کاره پیسانەی دەوڵەتی تورک له کوردستان دەبێت هەڵوێستێکی کۆمەڵایەتی گشتی بێت. شارێکی وەک ئامەد بە کەرامەتەوە دەبێت بەرامبەر دەستدرێژیکاران و بکوژان بوەستێتەوە. بەکرێگیراوانی ئەردۆغان لەدوای ئەم ڕووداوە نابێت جێگەی خۆیان لەکوردستان هەبێت. ئەم ڕووداوە هێرشێکە بۆ سەر شەرەفی گەلی کورد؛ هێرشکردنە سەر بەها کۆمەڵایەتیەکانمان. پێویستە خەڵکی ئامەد تا کۆتایی دژایەتی ئەم شەرمەزاریە بکەن کە بە زانابوونی دەوڵەت کرا. بۆئەوەی کە ئەم خاکە پیرۆزانە، خاکی خوداوەند و خوداوەندەکان کە تەختەکانیان لێ دانا، جارێکی تر پیس نەبن و ژن و منداڵەکانمان بە ئازادی بژین. با وەک خەڵکی کوردستان و بەتایبەتی خەڵکی ئامەد خاوەن هەڵوێست بین. جارێکی تر ڕێگە نادەین دەوڵەت بکوژانی منداڵەکانمان بپارێزێت".