بەهۆی بۆمبی پاشماوەی داعش چوار منداڵ لە سنووری نەینەوا گیانیان لەدەستدا

لە گوندێکی شارۆچکەی بەعاج لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆمبێکی پاشماوەی داعش بە خێزانێکدا تەقییەوەو چوار منداڵی خێزانەکە گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١ی ئەیلول، لە گوندێکی شارۆچکەی بەعاج لە سنووری پارێزگای نەینەوا بۆمبێكی پاشماوەی داعش بە خێزانێکدا تەقیووەتەوە.

 

بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان کە دراوە بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن، چوار منداڵ کە ئەندامی خێزانەکەن گیانیان لەدەستداوەو منداڵێکی دیکەشیان بەسەختی بریندارە و گەیێندراوەتە نەخۆشخانە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، هێشتا نازاندرێت کەس لەژیر دارووپەردووی ماڵی ئەو خێزانەدا ماوە یاخود نا.

 

چەتەکانی داعش لەگەڵ هێرشەکانیان بۆ ناوچە جیاوازەکان، هەر شوێنێکیان داگیربکردایە بۆمبڕێژیان دەکرد، دوای کۆتاییهێنان بە چەتەکانى داعش و گەڕانەوەی خەڵکی ناوچەکەش بۆ زێدی خۆیان بە هۆی ئەو بۆمبانەوە تا ئێستا دەیان هاوڵاتیی گیانیان لەدەستداوە یان برینداربوون.