لە هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ژنێک و دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا
لە لوبنان بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە ٣ کەس گیانیان لەدەستداوە و ڕاگەیەندراوە کە سکاڵا لەسەر ئیسرائیل تۆمار دەکرێت، لە هێرشەکەی سەر تاران، ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی کوژرا.
ناوەندی هەواڵ
شەوی ڕابردوو ئیسرائیل هێرشی کردە سەر بەیروتی پایتەختی لوبنان، وەزارەتی تەندروستی لوبنان بەیاننامەیەکی نووسراوی سەبارەت بە هێرشەکە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەی باشووری بەیروت گیانیان لەدەستداوە سێ کەس بوون، یەکێکیان ژنە و ٢ کەسیان منداڵن، ژمارەی بریندارەکانیش ٧٤ کەسە.
سکاڵا تۆمار دەکرێت
عەبدوڵا بوهابیب، وەزیری دەرەوەی لوبنان لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاند: ئێمە ئەم هێرشە ئیدانە دەکەین و تەقەکردن لە پایتەخت قبوڵ ناکەین، بەهۆی ئەم هێرشەوە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لە ئیسرائیل دەکەین، وەزیرەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هیوادارە وەڵامدانەوەی هەسەدە بۆ هێرشەکەی ئیسرائیل 'هەماهەنگ' بێت.
داواکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ 'کەمکردنەوەی پەرەسەندن' هەیە
ستافان دوجاریک وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لێدوانەکەیدا سەبارەت بە هێرشەکە داوای لە لایەنەکان کرد کە گرژییەکان زیاتر نەکەن، لە بەیاننامەکەدا ڕاگەیەندراوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و دەستبەجێ ململانێکان کۆتایی پێبێت ڕایانگەیاند کە نیگەرانن لە هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە دانیشتووەکانی باشووری بەیروت.
جانین هانیس-پلاسخارت، ڕێکخەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لوبنان، ئاماژەی بەوەدا کە هیچ چارەسەرێکی سەربازی بۆ دۆخی ئێستا نییە، سەبارەت بە ململانێی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا، ڕایگەیاند کە ئەوان بەردەوامن لە پەیوەندییە نزیکەکانیان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بەو شێوەیە کە ئاشتی لە نێوان ئیسرائیل و لوبنان هەبێت.
لەلایەکی دیکەوە ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس تیرۆرکرا
لە لایەکی دیکەوە، ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی، لە ئەنجامی هەوڵی تیرۆرکردن لەو ماڵەی کە تێیدا نیشتەجێ بوو لە تاران، کوژرا، هەروەها باس لەوەش کراوە کە پاسەوانەکەی ئیسماعیل هانیە لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوە، تا ئێستا وردەکاریی ئەو ڕووداوە ئاشکرا نەکراوە، حەماس لە بەیاننامە نووسراوەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئیسماعیل هەنیە بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی دەستبەکاربوونی مەسعود پێشەشکیان، سەرۆکی نوێی ئێران چووەتە تاران.