یەپەژە دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر باشووری کوردستان ڕاگەیەندراوێکی خوێندەوە

فەرماندەیی گشتیی یەپەژە داوای لە هەموو ژنان و خەڵکی باشوور، عێراق، ناوچەکە و پێشمەرگە و هێزە نێودەوڵەتییەکان کرد، هەڵوێستیان هەبێت و بەرەنگاری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و بجەنگن و دژیان بوەستنەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

فەرماندەیی گشتی یەکینەکانی پاراستنی ژنان-یەپەژە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانی دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و ناردنی چەتەکانی داعش بۆ ناوچەکە بڵاوکردەوە.

 

ئەم ڕاگەیاندنە بە ئامادەبوونی سۆزدار دێریک ئەندامی فەرماندەیی گشتی یەپەژە و ڕوکسەن محەمەد و وتەبێژی یەپەژە و سەمیرە ئەحمەد هاوسەرۆکی لیژنەی بەرگری کانتۆنی ڕەققە ڕاگەیەندرا.

 

سەمیرە ئەحمەد بە ناوی یەپەژە بەیاننامەکەی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ئەمڕۆ ناوچەکە و هەموو جیهان ڕووبەڕووی سیاسەتی لەناوبردن بووەتەوە، مرۆڤایەتی بە قەیرانێکی ڕاستیدا تێدەپەڕێت، لەدژی داخوازییەکانی گەل بۆ ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەری، بەرەیەکی فراوانی جینۆساید و خراپ بەکارهێنان و توندوتیژی بەڕێوەدەچێت.

 

"جینۆسایدێک دژی هەموو گەلان"

سەمیرە ئەحمەد وتی: کۆمەڵکوژییەکانی داعش لە سووریا، عێراق، شەنگال، کوردستان و وڵاتانی ئەوروپی لەلایەن کۆمەڵگە و بیروڕای گشتی و هەموو جیهانەوە یادی دەکرێتەوە، هەزاران ژنی ئێزدی بە دیل گیران، هەزاران هاوڵاتی مەدەنی بە زیندووی نێژران جینۆسایدی گەورە لە دژی گەلی ئێزیدی و مەسیحی و کورد و عەرەب و گەلان ئەنجامدرا، ئێمە وەک یەپەژە خەبات و بەرخۆدانی گەورەمان لە دژی چەتەکانی داعش نیشان دا، هەزاران هەڤاڵمان شەهید بوون، بەڵام ئێمە بە بەردەوامی شەڕمان کرد، بەرەنگاری بووین، تا داعشمان لەسەر خاکەکەمان تێکشکاند و ئاشتیمان بۆ گەلەکەمان بەدیهینا.

 

دەشڵێت: وەک چۆن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا لەگەڵ چەتەکانی داعش هێرشیکردە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەمڕۆش دەیەوێت بە هەمان شێوە باشووری کوردستان بخاتە ژێر هێرشەکانی خۆیەوە، بە واتایەکی تر دەوڵەتی داگیرکەری تورک، بە سەربازەکانی و چەتەکانی داعش، بە هاوکاری پەدەکە دەیەوێت خاکی باشووری کوردستان داگیر بکات.

 

پێش هەموو شتێک، ژنان، گەنجان و خەڵکی باشوور نابێ ئەم خیانەت قبوڵ بکەن

چەتەکانی داعش کە کۆمەڵکوژییەکی بەرفراوانیان لە دژی خەڵک ئەنجامدا، بە شێوەیەکی دڕندانە هێرشیان کردە سەر ژنان و دەستدرێژییان کردە سەریان و لە بازاڕەکاندا دەیانفرۆشت، بەداخەوە ئەمڕۆ لە ناوچە داگیرکراوەکانی وەک عەفرین، عەزاز، باب، گیرێ سپی و سەرێکانیە ڕاهێنانیان پێدەکرێت و پارەیان بۆ دابین دەکرێت لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە، لەوێشەوە بۆ هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت بۆ وڵاتانی ئەوروپا و ئەفریقا و ئاسیاش دەیاننێرن.

 

گەریلاکانی ئازادی، لە شەناغڵ، کەرکوک، مەخمور و هەولێر، خەڵکی باشووری کوردستان و عێراقیان لە دڕندەیی داعش پاراست، ئەمڕۆش لە هەمان مەیدان شەڕی داعش دەکەن و دژی ئازادیخوازان دەجەنگن، خەڵکی باشووری کوردستان زۆر باش دەزانن کە بارزانی خۆی داوای لە گەریلا کردووە بێن هەولێر بپارێزن، ئەمڕۆ داعش بە چ ڕووخسارێک دەبەخشێتە باشووری کوردستان و شەڕی گەریلا دەکات.

 

ساڵانێک پێشەنگەکان بۆ پاراستنی خاکەکەیان دژی فاشیزم و دیکتاتۆریەتی سەدام شەڕیان کرد، پێویستە هێزی پێشمەرگە بزانێت شەڕی ئەمڕۆش بۆ هەمان مەبەست دەکرێت و هاوکاری ماڵی بارزانی و پەدەکە قبوڵ نەکەن کە میوانداری چەتەکانی داعش دەکەن، لە سەرووی هەمووشیانەوە ژنان و گەنجان و خەڵکی باشوور نابێت ئەم خیانەت و هاوکارییە قبوڵ بکەن، ئێمە لە کۆبانێ لەگەڵ پێشمەرگە و شۆڕشگێڕە نێودەوڵەتییەکان پێکەوە شەڕی داعشمان کرد و تێکشکێنین، ئەمڕۆ دەبێت بە هەمان ڕۆح هەموو کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بپارێزین.

 

ئەقڵی ئەردۆغان ئەقڵی داعشە

بێگومان زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و عێراق و هەروەها عەشیرەتە عەرەبییەکانی عێراق ناڕەزایەتییان بەرزکردۆتەوە، بەڵام دەبێت ئەو هەڵوێستانە بکرێتە کردار و پێکەوە شان بە شان دژی نوێبوونەوەی دڕندەیی و شکستی داعش بوەستینەوە، بۆ ئەوەش نابێ حکوومەتی ناوەندی عێراق و ئیدارەی حکوومەتی باشووری کوردستان هاوبەشی ئەم تاوانە بن و دەستبەجێ چەتەکانی داعش و سەربازانی سوپای تورکی فاشیست لە خاکە پیرۆزەکانیان دەربکەن.

 

پێویستە هەموو جیهان وریا بن و باش بزانن کە هەموو هێرشەکانی داعش کە لە ئێران، ڕووسیا، پاریس، ئەڵمانیا، ئەفریقا و ئەوروپادا ڕوویانداوە، لە ناوەندی ئەنقەرەوە، بە هەماهەنگی ئەردۆغان و ڕێکخراوی میت ئاڕاستەکراون، ئەم سیاسەتەی داگیرکاری و جینۆسایدی دەوڵەتی تورکیا ئەوە دەردەخات کە ئامانجی ئەردۆغان ئامانجی داعشە، ئەردۆغان داعش وەک بەرەیەکی مەترسیدار و ستراتیژی لە دژی هەموو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەش پێویستە هەموو جیهان لەگەڵ ئازادیخوازانی کوردستان بێت چونکە گەریلا لە شەنگال و ڕۆژئاوا و کەرکوک و مەخمور و هەولێر ڕێگرییان لە کۆمەڵکوژی بەرفراوان کرد بێدەنگ بوون بەرامبەر ئەم شەڕە بە واتای پەسەندکردنی دڕندەیی و جینۆسایدی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەموو جیهان دێت.

 

سەمیرە ئەحمەد بە ٧ خاڵ لە دژی هێرش و داگیرکارییەکان بانگەوازی بۆ ژنان و خەڵک و هێزە نێودەوڵەتییەکان و پێشمەرگە کرد:

 

- پێش هەموو شتێک خەڵکی باشووری کوردستان داوا لە هەموو خەڵکی عێراق دەکەین بەشێوەیەکی هاوبەش هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن و لە بەرخۆدان و خەباتدا بن تا داعش و فاشیزمی تورکیا دوور دەخرێنەوە.

 

- هەروەها داوا لە هەموو هێزی پێشمەرگە دەکەین لە بەرامبەر کۆمەڵکوژی داعش و هێرشەکانی تورکیا بوەستنەوە و جێگەی خۆیان لە بەرەکانی جەنگ چۆڵ نەکەن.

 

- دیسانەوە داوا لە حکومەتی ناوەندی عێراق و باشووری کوردستان دەکەین دەستبەجێ ئەم داگیرکارییە ڕابگرن.

 

- لە سەرووی هەمووشیانەوە گەلی عەرەب و کورد و تورکمان، هەموو خەڵکی ناوچەکە کە پێکەوە دەژین، دەبێ بە ئیرادەیەکی زۆرەوە دژی سیاسەتە نوێیەکانی عوسمانی ئەردۆغان بوەستێنن.

 

- هەموو خەڵکی جیهان، ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، پێویستیان بەوەیە بە ویژدان و ئەرکە مرۆییەکانیان لە دژی داعش و فاشیزمی ئەردۆغان بوەستنەوە و بە شێوەیەکی ڕادیکاڵ و کۆنکرێتی هەڵوێستی خۆیان نیشان بدەن.

 

- هەروەها داوا لە دام و دەزگا نێودەوڵەتییەکان دەکەین لە بەرامبەر هێرشەکانی داعش و دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر هەڵوێستیان هەبێت و ڕێگە نەدەن ئەردۆغان و داعش حکوم بکەن.

 

- گرنگترین بەرەی دژ بە هەموو جۆرەکانی لەشکرکێشی و جینۆساید بەرەی ژنانە بۆ ئەوەش لە پلەی یەکەمدا ژنانی باشووری کوردستان و عێراق، داوا لە هەموو ژنانی جیهان دەکەین بە یەک ڕۆح و یەک دەنگ لە دژی هەموو جۆرەکانی داگیرکاری و جینۆساید بوەستن.

 

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا، سەمیرە ئەحمەد وتی: وەک یەپەژە بەهیچ شێوەیەک قبووڵی ناکەین کە چەتەکانی داعش جارێکی دیکە لە ناوچەکەدا جموجۆڵ بکەنەوە، لە بەرامبەر ئەمەدا هەڵوێستی پێویست لە شوێن و کاتی خۆیدا نیشان دەدەین، وەک یەپەژە لەگەڵ کورد و عەرەب و ئاشووری و سریان و تورکمان و چەرکەسی و کلدانی و هەروەها لەگەڵ چەکدارە ئینتەرناشناڵیستەکانمان کە لە هەموو جیهانەوە هاتوونەتە ڕۆژئاوا پێکەوە داعشمان تێکشکاند، لەمەودوا بەردەوام دەبین لە پاراستنی خۆمان ژنان و خەڵکی باشووری کوردستان، هەروەها لە هەموو ناوچەیەک کە هێرشی داعشی تێدایە، ئێمە بە ڕۆحی شۆڕشی ١٩ی تەموزەوە شەڕ و بەرخۆدان دەکەین، لە هەر شوێنێک مەترسی لەسەر بوونی ژنان و گەلەکەمان هەبێت، خەباتی خۆمان دەکەین.