یادی شەهید زیلان لە گەرمیان کرایەوە
ژنانی چالاکوانی گەرمیان، بە مەراسیمێکی تایبەت شەهید زیلانیان بەبیرهێنایەوە و کۆتا نامەی، کە پێش چالاکییە گیانبازییەکەی نووسیبووی خوێندرایەوە.
ناوەندی هەواڵ
دوێنێ لە شارۆچکەی کەلاری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ، ٢٨ـەمین ساڵیادی شەهیدبوونی زەینەب کناجی ناسراو بە “زیلان” لەلایەن ژنانی چالاکوانەوە بەرز ڕاگیرا.
شەیما عەدنان، هاوسەرکی ئەنجومەنی گەرمیانی تەڤگەری ئازادیی کوردستان، کۆتا نامەی شەهید زیلانی، کە پێش چالاکییە گیانبازییەکەی نووسیبووی بۆ ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان خوێندەوە.
لە نامەکەی شەهید زیلاندا هاتووە، "ئەحمەدی خانی دەڵێت، ئەگەر سەرۆکایەتییەکی ڕاستگۆمان هەبوایە ئەوە نەدەبووینە کۆیلەی عەرەب، تورک و فارس، هەروەها لە دیرۆکی کوردیشدا سەرۆکایەتی فریودەر زۆرن، کە بەرژەوەندی خێڵ و بنەماڵەی خۆیان بە بنەڕەت گرتووە، ئەمەش هۆکاری ئەو ڕاستینە شێوێنراوەیە کە لە کوردستاندا بەردەوامی پیدەدرێت، مێژوو ئەو ڕاسینەی سەلماندووە هیچ بزاوتێکی چینایەتی نەیتوانیوە بێ سەرۆکایەتی سەرکەوتن بەدەست بێنن"
هەر لە نامەکەدا هاتووە، "لە قۆناغی شۆڕشدا سەرۆک ژیانی گەل وابەستەی ژیانی خۆی دەکات و چارەنووسی خۆی لە چارەنووسی گەلەکەیدا دەبینێتەوە، لەم ڕووەشەوە ڕاستینەی سەرۆکایەتی پەکەکە پێشکەوتووە و لە خزمەتی مرۆڤایەتیی دایە، شێوازی ژیانی سەرۆکایەتیمان لەسەر شێوازی قوڵبوونەوە، جەسارەت، هۆشیاریی و ژیریدا بوو، ئەم تایبەتمەندیانەی سەرۆک لەگەڵ هیچ سەرۆکێکی تر بەراورد ناکرێت، سەرۆکایەتیمان توانیوێتی بە باشی شۆڕشی ڕاستی گەلان ببینێت و تایبەمەندییەکانی شۆڕشی کوردستان دیاری بکات، کێشەکانی کوردستانی بە شێوەیەکی دۆگما نەگرتووەتە دەست، بەڵکو بەشێوەیەکی بابەتی و زانستیانە گرتوویەتییە دەست، پەکەکەش گوزارشتە لە ڕاستینەی سەرۆکایەتیییەکەی".
لە درێژەی چالاکییەکەدا ژیاننامەی شەهید زیلان بۆ ئامادەبووان باسکرا و بە خستنەڕووی ئامانجەکانی کۆتایی هات.