لە مێرگەپان و دوکان دەیان دۆنم پوش پاوان و دار سووتان و پۆلیسی دارستانیش گومانی هەیە

بەهۆی دوو ڕووداوی جیاوازی ئاگركەوتنەوەوە، زیانێكی زۆر بەر دارستانەكانی شارۆچکەی دوكان و مێرگەپان كەوتن، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی گومانی لە ئاگرەکەی دوکان هەیە.

ناوەندی هەواڵ


بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویكردەوە، بەهۆی كەوتنەوەی ئاگرێكی بەرفراوان لە شارۆچکەی دوكان لە غاباتی دار سنەوبەرەكان، نزیكەی ١٠ دۆنم پوش و پاوان و هەروەها زیاتر لە ٦٠ دار سنەوبەر زیانیان پێ گەیشت. 


ڕاشیگەیاندوە، بەشێك لە دارەكان سووتاون كە لەساڵی ئاییندەدا زۆربەیانی لێ وشك دەبێت، هۆكاری ئاگرەكەش گومان دەكرێت بە دەست كەوتبێتەوە بەدواداچوون بۆ دۆزینەوەی كەسی سەرپێچیكار بەردەوامە.


لەبارەی ڕووداوی ئاگركەوتنەوە لە مێرگەپان بەڕێوەبەرایەتی دارستان و ژینگەی سلێمانی باسی لەوە كردوە، لە مێرگەپانیش بەهەمان شێوە ئاگرێكی بەرفراوان كەوتووتەوەو دەستبەجێ مەفرەزەیەكیان گەیشتە شوێنی ڕووداوەكە بەمەبەستی كوژاندنەوەی ئاگرەكە.

 

ئاماژە بەوەکراوە، لەئەنجامدا بەهاوكاری پۆلیسی ئاگركوژێنەوەی سورداش و هاوڵاتیانی دانیشتوی مێرگەپان تواندرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت، بەوهۆیەشەوە نزیكەی ١٠ دۆنم پوش و پاوان و داری سروشتی هەمەجۆر و كابینەیەکی هاوڵاتیەك سووتا، هۆكاری ئاگرەكەش نەزاندراوە.