ڕژاک: زیلان دەنگێکی گڕکان ئاسا بۆ تێکۆشانی ئازادی

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک، بە ڕاگەیەندراوێک تێکۆشانی شەهید زیلانی بە بیرهێنایەوە و داوای لە ژنان کرد ڕێگە و ڕێبازەکەی بەرنەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک ڕاگەیەندراوێکی بە بۆنەی ٢٨ەمین ساڵیادی چالاکییە گیانبازییەکەی زەینەب کناجی- زیلانی بەبیر هێنایەوە، کە ٣٠ی حوزەیرانی ١٩٩٦دا لە دژی دەوڵەتی تورک ئەنجامیدا، ڕایگەیاند، چالاکی هەڤاڵ زیلان بووە هۆکار بۆ کردنەوەی ڕێگای ئازاد ژنان.

 

ڕژاک لە بارەی شەهید زیلانەوە دەڵێت: زیلان لە پێناو خۆشویستنی مرۆڤ و ژیان گیانی خۆی بەختکرد، بۆ ئەوەی پەیامێک بدات بەداگیرکاران گیانی خۆیی کرد بە قەڵغان.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "لەساڵیادی ژنە تێکۆشەر زەینەب کناجی، یادی هەموو گیان بەختکردووانی ڕێگای ئازادی دەکەینەوە، لەم مانگی حوزەیرانەدا پۆلێک ژنی شۆڕشگێڕ گیانی خۆیان لەپێناو شکۆی خاک و گەلەکەمان بەختکرد، شەهید زیلان، سەما یوجە، لەیلا ئاگری، بێریڤان، ڕاپەڕین ئامەد، گوڵان، لەیلا یەڵدز و زۆر ژنانی تری تێکۆشەر خۆنەویستانە هەنگاویان نا، زیلان دەنگێکی پڕ لە خۆشویستن بۆ ڕێبەرەکەی،گەلەکەی، مرۆڤ و ژیان بوو، دەنگێک پڕ بە گەرووی ژنێکی تەوار ئاسا خۆیی گەیاند بە شکۆمەندی، دەنگێک کە هاواری کرد بۆ ئازادی و بێ دەنگی شکاند و وتی ئەوەی دەست بۆ خاکم درێژ بکات ناگات بەئامانج".

 

"زیلان پێی وتین ژیانی ئازاد بەتەمەن درێژی نیە"

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا تیشک دەخرێتە سەر ڕێبازی زیلان، "زیلان بۆ پاکردنەوەی پاشەڕۆژ بوو بە باران و پیسیەکانی ڕاماڵی، بۆ گەڕاندنەوەی جەوهەری ژن بانگی دا بە گوێی تاریکە شەوی ئەوانەی نکۆڵی لە ژن بوون دەکەن، زیلان پێی وتین ژیانی ئازاد بەتەمەن درێژی نییە، وتی من بە بەختکردنی گیانم ژیانی نەمری دەئافرێنم کە شایستەی گەلەکەم بێت، نیشانی داین کە ژن بوون ڕێگرنییە لە بڕیار و هەنگاو بۆ تێکۆشانی ئازادی.

 

هەر کات بێدەنگی و تاریکی باڵی بەسەردا کێشاین دەنگێکی پڕ لە ورەمان پێویستە، ئێستا و لەم کاتەدا داگیرکاران بە ئاشکرا لەشکرکێشی دەکەن بۆ سەرخاکی هەرێمی کوردستان، تا ئاستی خەوتن و بێ هۆشی بێ دەنگی هەیە، لەکاتێکدا پێویستە هەرتاکێکی ئەم هەرێمە ببێتەدەنگ".

 

ڕژاک باسی لەوەکرد، کە ڕۆژانە ژنان کۆمەڵکوژ دەکرێن و لە ژێر ناوی شەرەف دەسووتێندرێن، لەکاتێکدا ناوزەدکردنی جەستەی ژن بە نامووس خۆی لە خۆیدا بێ نامووسیە، چونکە نامووسی هەرە گەورە و داگیرکراو خاکە و ڕووخانی بەها ئەخلاقیەکانە، زیلان ئەو دەنگە بوو لەپێناو خاکدا خۆیی ئامەدە بینی بۆ وەڵامدانەوەی ئەو قۆناغە.

 

پێویستە بە تێگەشتنی زیلان بۆ ئازادی، ژیان و خۆشویستن تێبکۆشین

لە کۆتایدا ڕژاک لە ڕاگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە، "لەم ساڵیادەدا بۆ گەڕانەوەی شکۆی ژن و تێکۆشانی نەتەوەیی و خاکمان، داوا لە هەموو ژنان دەکەین یەکڕیز بین، چونکە بە ئازادی ژن، کۆمەڵگە و تەواوی مرۆڤایەتی و ژینگە ئازاد دەبێت، بە سووتاندنی ژینگە ژیان دەسووتێنن، بەبێ ئازادی ژن، ژیان و شکۆی مرۆڤ وەکو سەهۆڵی بەرخۆرەتاو پوشێکی سوتاو وایە، لە سیستەمی مۆدێرنیتەی دەستەڵاتخواز کە وەکو 'هەژدیهای لیڤی ئەدهان' تێر ناخوات و مرۆڤایەتی هەڵدەلوشێت، پێوەری ئەخلاقی کۆمەڵگە دادەڕمێنێ، بۆ گەڕانەوەی ئەو بەهایە زیلان و هەڤاڵانی گیانیان بەختکرد، چونکە هەر قۆناغێک پێویستی بەهەنگاوی شۆڕشگێڕیە".