١٢٠ ملیۆن پەنابەر و ئاوارەی زۆرەملێ لە سەرتاسەری جیهان هەن

لە ژمارەیەکی پێوانەیی کە بەردەوام لە زیادبووندایە، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستی کردەوە کە ژمارەی ئاوارەکان گەیشتووەتە ١٢٠ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا.

ناوەندی هەواڵ

 

نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کۆی ئەو پەنابەر و ئاوارانەی کە بەهۆی شەڕ و توندوتیژیەوە ناچاربوون ماڵەکانیان بەجێبهێڵن، لە کۆتایی مانگی نیسانی ڕابردوودا گەیشتە ١٢٠ ملیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهاندا.

 

ئەمڕۆ، کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، بۆ دوازدەهەمین ساڵ لەسەریەک ئاوارەبوونی زۆرەملێ لە سەرتاسەری جیهاندا بەرزبووەتەوە بۆ ئاستێکی پێوانەیی، شەڕەکان لە چەند شوێنێکی وەک غەززە و سودان بەردەوامە ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوارەبوون، هەروەها خەڵکی زیاتری ناچار کرد ماڵەکانیان بەجێبهێڵن.

 

ئێستا ژمارەی پەنابەران و ئاوارەکان لە سەرتاسەری جیهاندا یەکسانە بە ژمارەی دانیشتوانی ژاپۆن، ئاماژەی بەوەشکرد لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا ژمارەی پەنابەران و خەڵکی ئاوارەبوون لە سەرتاسەری جیهان گەیشتە نزیکەی ١١٧.٣ ملیۆن کەس، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بەردەوامبوونی شەڕ و ململانێکان گەیشتووەتە ١٢٠ ملیۆن کەس.

 

ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی لە ماوەی ساڵێکدا ١١٠ ملیۆن پەنابەر و ئاوارە بەرزبووەتەوە، ئەم ڕاستیەش بە دۆخێکی ترسناک لە جیهاندا باس دەکات.