"ئاشتی لە ئەفغانستان پێویستی بە یەکگرتنی ژن و پیاو هەیە"

ژنێکی ئەفغانی جەختی لەوەکردەوە، کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە ئەفغانستان ژیانێکی "بەدبەختتر" بۆ گەلی ئەفغانستان بە تایبەت بۆ ژنان بونیاد دەنێت.

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- مێژووی دانوستانەکان لە ئەفغانستان درێژە و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆربەی سەرکردایەتی خۆی لە کاروباری ئەو وڵاتەدا دەگرێتە ئەستۆ، بەر لە داڕمانی حکومەتی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٩١، بینۆن سێڤان، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەفغانستان، ، بە بیانووی دانوستانەکانی "ئاشتی" جیهادییەکانی هێنایە سەر دەسەڵات و بووە هۆی گیانلەدەستدانی ٦٥ هەزار کەس لە کابول، هەروەها تاڵانکردنی موڵکی گشتی و موڵکی تایبەت، و دەستدرێژی زایەندی بۆ سەر منداڵان و دایکان، خەڵک بە زیندووی لەناو کۆنتێنەردا سووتێندران.

 

لە کۆتایی دەسەڵاتی ئەشرەف غەنی، بە ناوی دانوستانی "ئاشتی"، ئەفغانستان لە شەوێکدا ڕادەستی تاڵیبان کرا و یەکەم هەڵمەتی سەرکوتکردنی ژنانی دەستپێکرد بە ڕێگریکردن لە کارکردن و خوێندن و کردنی بە خزمەتکاری ماڵەوە.

 

 لەوەتەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ دەسەڵاتی گرتە دەست، وڵاتانی بەشدار لە ئەفغانستان چەندین کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە و هەموویان بەبێ ئەنجام کۆتاییان هاتووە و ژنانیش وەک نوێنەری ژنانی ئەفغانستان بەشدارییان لەو کۆبوونەوانەدا کردووە.

 

"لە کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکدا زیاتر لە پێشوو گۆشەگیریمان دەکەن"

جارێکی دیکە ئەمریکا و قەتەر و وڵاتانی دیکەی پەیوەندیدار بە ئەفغانستان لە دەوحە کۆبوونەوەیەکیان ڕێکخست و لەسەر ئەم بابەتەش شەهلا ئەساس، یەکێک لە ژنە ئەفغانییەکان وتی: من ئەو جۆرە کۆبوونەوانە قبوڵ ناکەم، چونکە تەنها بیانوویەکن بۆ بەلاڕێدابردنی گەلی ئەفغانستان و ژنانی ناویان دەڵێن کۆبوونەوەکان لە پێناو پێگەی ژنانی ئەفغانستان ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکدا زیاتر لە پێشوو گۆشەگیریمان دەکەن.

 

وتیشی: هاوڕام لەگەڵ ئەو ژنانەی کە بەشداری کۆبوونەوەی دەوحە دەکەن زیاتر لەو پیاوانەی خۆیان تەسلیمی ئاغاکانیان کردووە، نابێت ڕێگە بدەن مافەکانمان لێ بسەندرێتەوە، لەوەتەی تاڵیبان دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئێمە شاهیدی کۆبوونەوەکانی دەوحە بووین، کە لە کۆتایی هەر کۆبوونەوەیەکدا بزووتنەوەکە کچەکانمان دەستگیر دەکات بۆ ئەوەی ترس لە ناوماندا دروست بکات.

 

شەهلا ئەساس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم کۆبوونەوانە ژیانێکی بەدبەختتر بۆ گەلی ئەفغانستان بە تایبەتی ژنان دەهێنن، لە کۆتاییدا وتی: ئەرکی هەموو ژن و پیاوی خوێندەوارە لە کۆمەڵگەکەماندا بەرامبەر تاوانەکانی تاڵیبان و ئاغاکانیان بوەستن، با ئەو بەناو ڕۆشنبیرانە ئاشکرا بکەین کە خەباتەکەمان بەلاڕێدا دەبەن.