گیان لەدەستدانی شەش منداڵ یونیسێف دەهێنێتە دەنگ

سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان یونیسێف، گیان لەدەستدانی شەش منداڵی لە شاری فاشر لە ویلایەتی دارفۆری باکووری سودان، لە ئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئیدانە کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

شاری فاشر بە ناوەندی ناوچەی دارفور دادەنرێت لە وڵاتی سودان و تا ئێستا هێزەکانی پشتیوانی خێرا نەیانتوانیوە کۆنترۆڵی بکەن، بەڵام ڕۆژانە دەیان کەس بەهۆی هێرشەکانەوە گیان لەدەستدەدەن و بریندار دەبن، دوێنێش، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان-یونیسێف گیان لەدەستدانی شەش منداڵ و برینداربوونی کەسانی دیکەی لە شاری فاشر لە ویلایەتی دارفوری باکوور ئیدانە کرد.

 

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەدا هەزاران منداڵ هەن، لەوانە ئەوانەی لە کامپە گەورەکانی ئاوارەبووندا دەژین، ئێستا لەناو شەڕی بەردەوام و پێکدادانە بەردەوامەکاندا گیریان خواردووە و ناتوانن بگەنە ناوچەی سەلامەت.

 

ڕێکخراوەکە داوای لە هەردوو لایەنی شەڕەکە کرد، سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، دەستبەجێ دۆخەکە هێور بکەنەوە و ڕێگە بە خەڵکی سڤیل بدەن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان بۆ ئەوەی ژنان و منداڵان سەلامەت بن، سەرەڕای هۆشداری نێودەوڵەتی سەبارەت بە پێکدادان و شەڕەکان لە شاری فاشر، کە بە ناوەندی ئۆپەراسیۆنە مرۆییەکان بۆ هەموو ویلایەتەکانی دارفور دادەنرێت، بەڵام شاری فاشر هێشتا لە ١٠ی ئایارەوە بەردەوام شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرایە.

 

داواکاری گشتی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان پێشتر هەڵمەتێکی دەستپێکردبوو کە داوای پێشکەشکردنی هەر زانیارییەک کە پشتڕاستی ڕاپۆرتەکانی تاوانەکانی ئەنجامدانی تاوانەکانی ناوچەی دارفور و شاری فاشر لە ڕۆژئاوای سودان بکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەکی خراپتربوونی دارفور کە زیاتر لە ساڵێکە بەردەوامە.

 

لە ١٥ی نیسانی ٢٠٢٣ەوە لە سودان شەڕی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا بەردەوامە، بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان نزیکەی ١٥ هەزار کوژراو و ٨.٥ ملیۆن ئاوارە و پەنابەر هەن.