پانێڵێک لەسەر ڕۆڵ و کاریگەری ڕۆژنامەی کاغەز لە سەردەمی دیجیتاڵ میدیادا بەڕێوەچوو

پانێڵێك لە بارەی ڕۆڵ و کاریگەری ڕۆژنامەی کاغەزی لە سەردەمی دیجیتاڵ میدیای ئێستادا لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی بەڕێوەچوو.

سلێمانی

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی لە شاری سلێمانی، پانێڵێک لە بارەی ڕۆڵ و کاریگەری ڕۆژنامەی کاغەزی لە سەردەمی دیجیتاڵ میدیای ئێستادا بۆ هەریەک لە کەژاڵ ئەحمەد، جێگری سەرنووسەری کوردستانی نوێ، بەرهەم خالید، مامۆستای ڕاگەیاندن لە زانکۆی سلێمانی، کنێر عەبدوڵا نووسەر و ڕۆژنامەنووس ساز کرا.

 

لە پانێڵەکەدا باس لە جیاوازی و کاریگەرییەکانی هەردوو شێوازی ڕۆژنامەی کاغەزی و دیجیتاڵ میدیا کرا، ئەوەش خرایەڕوو، کە هەمیشە ژنانی ڕۆژنامەنووس و نووسەرانی کورد کارییان بۆ گەیاندی پەیامەکانیان کردووە و لەم ڕووەشەوە ڕۆژنامە ڕۆڵی خۆی گێڕاوە.

 

لە پانێڵەکەدا کەژاڵ ئەحمەد، جێگری سەرنووسەری کوردستانی نوێ گرنگی و کاریگەری هەروو شێوازی ڕۆژنامەی کاغەزی و دیجیتاڵی خستەڕوو، کە ڕۆژنامەی کاغەزیی ڕۆژانە گرنگی پێدەدرێت لە بەرامبەردا ڕۆژنامەی دیجیتاڵی هەیە کە بە شێوەیەکی خێراتر دێتە بەردیدی خوێنەر، لێرەدا چەند کتێبخانەی ئەلیکترۆنی بوونی هەیە، هەروەها ئاڵانگارییەکانی سەردەمی ئێستا وای کردووە هەردوو شێوازی ڕۆژنامەکە گرنگی خۆیان هەبێت لە مێشک و هزری خوێنەر دەمێنێتەوە.

 

کەژاڵ ئەحمەد باسی لە هۆکاری دارایی کرد کە کاریگەری لەسەر ڕۆژنامە و گۆڤارەکان هەیە و بووەتە هۆی داخستنی بەشێک لە ڕۆژنامە کاغەزییەکان.

 

کنێر عەبدوڵا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس، لە پانێڵەکەدا بە سێ خاڵ ڕوونی کردەوە کە هەردوو شێوازی ڕۆژنامەی "کاغەزی و دیجیتاڵی میدیایی"  لایەنی ئەرینی و نەرێنی هەیە، کۆمەڵێک پێشنیاری خستەڕوو کە دەتوانرێت هاوسەنگی لە بەکارهێنان و سود وەرگرتن لە هەردوو شێوازەکەدا بکات.

 

لە لێدوانێکیشیدا بۆ ئاژانسی نوژنها باسی لەوەکرد، کە لە پانێڵەکەدا باسی لە گرنگی ڕۆژنامە بە شێوازی کاغەز و دیجیتاڵی کردووە، وتیشی: ژنان دەبێت زیاتر گاریگەری دروست بکەن، تا کۆمەڵگەیەکی ڕۆشنبیر بەرەوپێش ببرێت، پێویستە ژنان بە دەست و قەڵەم بەردەوام لە جەنگدا بن بۆ دەرخستنی ئیرادە و هێزی ژنان لە ڕۆژنامەکاندا و ئەمەش نیشانی هەموو جیهان بدەن.

 

پانێڵەکە بە گفتوگۆ لە نێوان ئامادەبووان کۆتایی هات.