"ئێمە بە پاراستنی زمانی دایکی دەتوانین سیستەم بگۆڕین"

لە شاری ئامەدی باکووری کوردستان ڕۆژی زمانی کوردی بە بەرنامەی جیاواز لە زۆرێک لە ناوچەکان بەڕێوە دەچێت، ئامانجی چالاکییەکان زیندوو ڕاگرتن و گەشتنییەکانی بە ژنان و منداڵانە.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد- لە ٩-١٥ی ئایار چالاکییەکانی تایبەت بە ڕۆژی زمانی کوردی لە ناوەندی شار و گەڕەکەکانی شاری ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوە دەچێت و بۆ ئەمساڵ تیشک دەخرێتە سەر گرنگی زمانی کوردی.

 

چالاکییەکانی ڕۆژی زمانی کوردی بە ڕاگەیەندراوێک لەلایەن، بزووتنەوەی ژنانی ئازاد، کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتووری میزۆپۆتامیا (MED-DER)، کۆمەڵەی ئەدەبی کوردی، ئینستیتیوتی کوردی ئامەد، گۆڤاری دەستار، پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان-دەبەپە و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان-دەم پارتی ڕاگەیەندرا.

 

بێریڤان دۆمان، یەکێک لە ڕاهێنەرانی کۆمەڵەی توێژینەوەی زمان و کولتوری میزۆپۆتامیا ئاماژەی بەوەدا کە بۆ ئەمساڵ چەندین چالاکییان ڕێکخستووە و لە داهاتووشدا بەردەوام دەبن لەو چالاکییانەی تایبەتن بە زمانی کوردی، بە جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی زمانی کوردی زمانی دایکی و بوونی ڕەسەنی خۆیانە، داوای لە ژنان و منداڵانی کورد کرد، زمانی دایکی خۆیان بپارێزن.

 

بێریڤان دۆمان سەبارەت بە گرنگی ١٥ی ئایار تیشکی خستەسەر سیاسەتی ئاسمیلەکردن کە لە ڕێگەی زمانەوە جێبەجێ دەکرێن و وتی: ئێمە دەبێت زمان و فەرهەنگی خۆمان بپارێزین لە ڕابردوودا دایکان لە گوندەکاندا جگە لە زمانی کوردی بە هیچ زمانێکیان لەگەڵ منداڵەکانیان نەدەدوان، ئێستا دایکان و منداڵەکان بە کوردی قسە ناکەن، ئەم دۆخە گوندەکانیشی گرتووەتەوە، ئەم زمانە زمانی دایکی ئێمەیە، دایکان و منداڵەکان نابێ دەستبەرداری زمانی دایکی خۆیان بن، دایکان لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکانیان بە کوردی قسە بکەن، ئێمەش چەندین خول و شوێنی ڕاهێنانمان هەیە، پێویستە ئەم دۆخە بۆ هەموو لایەک ڕوون بکەینەوە، چونکە پاراستنی زمانی دایکیمان واتای پاراستنی خۆمانە.

 

"زمان ناسنامەی ئێمەیە، هەر بۆیەش ئەم جەژنە هەموو ڕۆژێک بەڕێوە دەچێت"

جەمیلە تورهالی، پارێزەر و وتەبێژی کۆمیتەی زمانی دەم پارتی، پێی وایە کە ١٥ی ئایار ڕۆژێکی گرنگە بۆ ئەوان و واتایەکی قووڵی هەیە، "ئێمە هەوڵدەدەین ئەمڕۆ سەرنجی هەمووان بۆ زمانی کوردی ڕابکێشین، بێگومان ڕۆژێکی سیمبولییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت هەموو ڕۆژ بە جەژنی زمانی کوردی دابنێین و گرنگترین شت لە ژیانماندا قسەکردن و پەیوەندیکردنە بە زمانی دایکمان، چونکە زمان کلیلی ئازادی ئێمەیە و پێشکەوتنی هەموو کولتوور و کۆمەڵگەکان لە ڕێگەی زمانەوە بەدەست دێت، بۆیە زمان شوناسە و هەموو ڕۆژێک بۆ ئێمە جەژنێکی زمانەوانییە".

 

هەروەها جەمیلە تورهالی دووپاتی کردەوە کە خەڵکی داوای ئازادی و سەرکەوتن بە پاراستنی زمانی دایکیان بەدەست دەهێنن، لە کۆتایدا وتی: ئەگەر ئێمە بمانەوێت دەسەڵاتی حوکمڕان بگۆڕین، پێویستە سەرەتا زمانی دایکی خۆمان بپارێزین، ئەوان هێرش دەکەنە سەر زمانی ئێمە و خاکەکەمان، ئەوان هێرش دەکەنە سەر زمانمان ڕۆح و کولتوورەکەمان دەکەنە ئامانج، ئامانجی ئێمەش ئازادی گەلی کورد و کوردستانە، بێگومان بەرگری لە مافەکانمان دەکەین و باوەڕم وایە سەرکەوتن نزیکە ئەگەر زمانەکەمان بپارێزین و دەتوانین سیستمیش بگۆڕین.

 

١٥ی ئایار بە ڕۆژی زمانی کوردی دیاریکراوە، کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکی بڵاوکردنەوەی گۆڤاری هیوا لە شاری دیمەشق لە ساڵی ١٩٣٢دا لەلایەن جەلادەت عەلی بەدرخانەوە، کە گۆڤارەکە تا ساڵی ١٩٤٣ بەردەوام بوو و بە گشتی ٥٧ ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، ئێستاش وەک یادێک بۆ ئەو هەنگاوەی ڕۆژنامەگەری کورد، لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان چالاکی و سیمینار بۆ منداڵان و فێستیڤاڵ و کۆنسێرت و چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێت و تیشک دەخرێتە سەر زیندوو ڕاگرتنی زمانی کوردی.