لە گۆڕستانی بێناونیشانەکانی سلێمانی ١٠٠ نەمام چێندرا

لە گۆڕستانی بێناونیشانەکانی سلێمانی، بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە زیاتر لە ١٠٠ نەمام چێندرا و ئاماژە بەوەکرا، ژن و ژینگە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٨ی نیسان لە گۆڕستانی بێناونیشان لە شاری سلێمانی، لقی سویدی کۆمەڵەی ژینگەپارێزانی کوردستان بە هاوکاری مامۆستایان و ڕۆشنبیران و ژینگەپارێزان، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی ژینگەوە، زیاد لە ١٠٠ نەمامیان چاند.

 

لە بارەی چالاکییەکەیانەوە، ئاسۆ کەریم زەند، ئەندازیاری ژینگە و ئەندامی کۆمەڵەکە وتی: ئەم چالاکییە هەڵمەتێکی ژینگەییە و دەمانەوێت بەردەوامی هەبێت لە داهاتوودا، هەروەها  گرنگی چالاکییەکە لەوەدایە، هیچ ڕێکخراوێکی لەپشت نییە ئمانج لێی خزمەتکردنی گۆڕی ئەو ژن و منداڵانەی، کە بێکەسن و کەس لێیان ناپرسێت و بە ئامانجی سەوزکردنی ژینگەیە.

 

"ژن و ژینگە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون"

وتیشی: بۆیە لە گۆڕستانی ژنانەوە دەستمان پێکرد، چونکە ژن و ژینگە دووانەیەکی لێکدانەبڕاون و کۆمەڵگەی دیموکراتیی بەوان دەتوانێت دروست ببێت و پێشبکەوێت، وەک نمونەی ژنان لە ڕۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستاندا، ئەم چالاکییە بەردەوام دەبێت و ئەمە یەکەم هەنگاومانە، بەڵام لە داهاتوودا بە چەندین چالاکییەکی جیاوازتر خزمەتی ژینگەی کوردستان دەکەین.

 

ئەوەشی خستەڕوو، لەبەر ئەوەی درەختەکانی ئەم گۆڕستانە کەس ئاویان نادات و خزمەت ناکرێن، بۆیە درەختی سنەوبەر و بەڕوو ئەرخەوانیان هەڵبژارد، چونکە دەتوانن خۆیان لەگەڵ ژینگە بگونجێنن و پێوەستییان بە خزمەت نییە.