سێ ژنی هونەرمەندی ئیلامی بەشداری ئۆڵۆمپیادی فۆتۆگرافی جیهانیی ٢٠٢٤ن
سێ فۆتۆگرافەری ئیلامی بە ناوەکانی فاتمە عەلیپوور، گلارە عەلیوەیسی و مریەم ئاقایی، بە یەکێک لە بەرهەمەکانیان لە ئۆڵۆمپیادی فۆتۆگرافی جیهانیی ٢٠٢٤ لە مەگدۆنیا بەشدارییان کردووە.
ژوان کەرەمی
ئیلام- فاتمە عەلیپوور، گلارە عەلیوەیسی و مریەم ئاقایی، سێ فۆتۆگرافەری ئیلامین و بە بەرهەمەکانیان بەشدارییان لە فێستیڤاڵی ئۆڵۆمپی جیهانیی فۆتۆگرافی لە مەگدۆنیا کردووە و لەگەڵ زیاتر لە ٧٠ هونەرمەندی جیهانەوە لە کێبڕکێدان.
ئۆڵۆمپیادی فۆتۆگرافی جیهانیی ٢٠٢٤ یەکێکە لە فێستیڤاڵە بەناوبانگەکانی فۆتۆگرافی لە جیهاندا، کە بە بەشداری فۆتۆگرافەرە دیارەکان لە سەرانسەری جیهان بەڕێوەدەچێت، ئەم فێستیڤاڵە هەموو ساڵێک لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی فۆتۆگرافی-IAAP ڕێک دەخرێت و لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەدا فۆتۆگرافەرانی کیشوەرە جیاوازەکانی جیهان لە ژانرە جیاوازەکانی وەک سروشت، گیانلەبەرە کێوییەکان، پۆرترەیت، تەلارسازی و ...هتد بە پێشکەشکردنی بەرهەمەکانیان کێبڕکێ دەکەن.
یەکێک لەو فۆتۆگرافەرانە گلارە عەلیوەیسییە، کە سەرەڕای ئەوەی خاوەن پێداویستی تایبەتی چاوەکانییەتی بەشداری ئەم فێستیڤاڵەی کردووە، هەروەها مریەم ئاقایی هونەرمەندێکی گەنجە و لە ژانرەکانی پۆرترێت، مینیمال، فۆتۆگرافی ئاژەڵ و فۆتۆگرافی بازرگانی کاردەکات و بەرهەمی ڕەسەنی دروستکردووە.
فاتمە عەلیپوور فۆتۆگرافەرێکی خاوەن ئەزموونە، زۆربەی بەرهەمەکانی پەیوەندییان بە بواری پۆرترێتەوە هەیە، هەروەها چەندین بەرهەمی لە بواری ئایین و ڕێوڕەسمی جیاوازدا دروستکردووە، ئێستاش سەرکەوتوو بووە لە چوونە قۆناغی دووەمی ئۆڵۆمپیادی فۆتۆگرافی جیهانیی ٢٠٢٤.