لە سلێمانی مامۆستایان گردبوونەوە و ژمارەیەک مامۆستاش دەستگیرکران

بەهۆی پێنەدانی مووچە بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ و دابەشکردنی تەنها یەک مووچە لە ماوەی ٦ مانگدا، ئەمڕۆ جارێکی دیکە مامۆستایان لە سلێمانی گردبوونەوە، ژمارەیەک مامۆستاش لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای پێنەدانی مووچەكانیان بۆ ماوەی زیاتر لە ٥٠ ڕۆژ و دابەشکردنی تەنها یەک مووچە لە مانگی ئەیلولی ٢٠٢٣ەوە تا مانگی ئاداری ٢٠٢٤، ئەمڕۆ فەرمانبەران و مامۆستایی ناڕازیی لە شاری سلێمانی هاتنە سەر شەقەمەكان و بەنیاز بوون بە ڕێپێوان بچنە بەردەم دەباشان، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی شاری سلێمانیەوە ڕێگرییان لێكرا و چەند مامۆستایەكیش دەستگیركران.

 

بەڵام مامۆستایان سەرەڕای ڕێگریی و مەترسییەکان لە نزیک دەباشان و چەندین دروشمیان وتەوە و ئاماژەیان بەوە کرد، تا مافەکانیان دابین نەکرێت ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

 

سەرەڕای دەستگیرکردنی مامۆستایان هێزە ئەمنییەکان ڕێگریان له‌ رووماڵی په‌یامنێرانی كه‌ناڵه‌كانی ڕاگه‌یاندنیش كرد و داواشیان كردووه‌ كۆتایی به‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ بهێندرێت.