لافاو زیانی بە شارەکانی هەرێمی کوردستان گەیاند و سێ کەس لە دهۆک گیانیان لەدەستدا
بەهۆی شەپۆلی باران بارین، لافاو لە دهۆک و زاخۆو هەولێر دروستبوو، لە دهۆک سێ کەس گیانیان لەدەستدا.
ناوەندی هەواڵ
لەبەیانی ١٩ی ئادارەوە شەپۆلێکی بارانبارینی بەخوڕ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە و لە چەندین ناوچە زیانی مادی زۆری هەبووە و ڕێگاو پرد ڕووخان و هاتووچۆ پەکی کەوتووە، بە پێی شارەزایانی کەشناسی چەقی شەپۆلەکە دوێنێ بووەو بەشیوەی پچڕ پچڕ تا ٢٦و ٢٧ی مانگ بەردەوام دەبێت.
لە دهۆک زیانەکان گەورە بوون و بهڕێوهبهرایهتی بهرگری شارستانی پارێزگای دهۆك ڕایگەیاندووە، بههۆی بارانبارینی بهخوڕ و لافاوهكهی ئهمڕۆ سنووری پارێزگاكه، سێ كهس گیانییان لهدهستدا, ، هەروەها زیاتر له ١٥٠ خانوو و ٥٠ ئۆتۆمبێل زیانیان پێگهیشتووه، هاوکات ١٢٠ كهس له مهترسی ڕزگاركران و ١١ كهسیش بریندار بوون.
لە زاخۆ ئاستی ئاوی ڕووباری خابوور بەرزبووەتەوە و بەشێک لە پردی دەلال لە زاخۆ ژێرئاو کەوتووە، بەپێی وتەی هاونیشتمانیان ٤٠ ساڵە ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بەو شێوەیە بەرزنەبووەتەوە.
لە هەولێر بەهۆی بارینی ڕێژەیەکی گەورە لە باران لە ماوەیەکی کەمدا، لافاو دروستبوو، بە هۆیەوە دەیان دووکان و ماڵی هاووڵاتیان زەر و زیانیانێکی زۆریان بەرکەوت، ئەوە لە کاتێکدایە هەموو ساڵێک ئەم گرفتانە دووبارە دەبنەوە، کەچی چارەسەری پێویستیان بۆ ناکرێت.
لە سلێمانی باران بارین بەردەوامە بەڵام هیچ زیانێکی نەبووەو سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڵاویکردەوە، تیمی فریاگوزاریی شارەوانیی سلێمانی کە پێکدێت لەبەشەکانی ئاوەڕۆ و بەشی خزمەتگوزاری وبەشی ئامێرەکان لەئامادەباشیدان بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو بەهەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بەهۆی مەترسییەکانی ئەو شەپۆلەوە لە دهۆک و هەولێر پشووی فەرمی بۆ سەرجەم دام و دەزگاکان ڕاگەیەندراو لە کەرکوکیش بۆ ناوەندەکانی خوێندن بە زانکۆشەوە پشوو ڕاگەیەندرا.