"ئەو گرفتانەی بەهۆی قەیومەوە دروست بووە لەگەڵ خەڵکدا چارەسەری دەکەین"

بێریڤان گوڵشەن سنجار، کاندیدی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی پێیاس لە ئامەد، ڕایگەیاند، ئەو سیاسەتە وێرانکارییەی قەیومەکان ئەنجامی دەدەن، دەیانخەینە ڕوو.

مەدینە مامەدئۆغڵو

 

ئامەد - ٣١ی ئادار لە باکووری کوردستان و تورکیا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەچێت، بانگەشەکانیش بۆ ئەو هەڵبژاردنە بەردەوامە و دەم پارت بانگەشەکانی چڕ کردووەتەوە.

 

بێریڤان گوڵشەن سنجار، یەکێکە لە کاندیدانی دەم پارتی بۆ هاوسەرۆکی شارەوانی پێیاس لە ئامەد، کە لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری ئیلح لەدایک بووە و لە ساڵی ١٩٩٠ەوە لە تێکۆشان و خەباتی باکووری کوردستان دایە.

 

لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧، بێریڤان گوڵشەن سنجار وتەبێژی ئەنجومەنی ژنانی پارتەکانی هەرێمە دیموکراتیکەکان-دەبەپەی پێیاس بوو، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٧-٢٠١٩یشدا یاریدەدەری هاوسەرۆکی ڕێکخستنی شارەکانی دەبەپە بوو لە ئامەد. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٩-٢٠٢٣ بەردەوام بوو لە ئەرکەکەی بۆ هاوکاریکردنی هاوسەرۆکایەتی گشتی دەبەپە.

 

"ئامانجمان گەیشتن بە هەموو بەشەکانە"

بێریڤان گوڵشەن سنجار لە لێدوانێکیدا بۆ نوژنها باسی لە گرنگی هەڵبژاردنی ناوخۆیی کرد و وتی: ژمارەی دانیشتووانی پێیاس نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەسە و ئەو شارۆچکەیە زۆرترین ژمارەی دانیشتووانی ئامەدی هەیە، ئامانجمان ئەوەیە بگەینە هەموو بەشەکانی شارۆچکەکە، ئێمە سیاسەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی خەڵک و دامەزراوەکان و بەرنامەی دروست و بەهێز دیاری دەکەین، ئێمە لە ساڵی ١٩٩٩ تا ئێستا بەشداری هەڵبژاردنەکان دەکەین و هەڵسەنگاندن بۆ خەباتی ڕابردوو دەکەین و بە کەموکوڕییەکاندا دەچینەوە و چارەسەریان دەکەین.

 

بێریڤان گوڵشەن سینچەر ڕایگەیاند، بە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی، دەیانەوێت مۆدێلی شارەوانی ناوخۆیی و دیموکراسی و شەفاف بەهێز بکەن، دژی ناوەندگەرایی و ئەقڵیەتی پیاوسالارین، وتیشی: ئێمە ئەزموونی چەندین ساڵەمان لەم بوارەدا هەیە.

 

بێریڤان گوڵشەن سنجار ڕایگەیاند کە ئەوان تاکە هێزی ژنان دەبن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا و بەو پێیەش ڕێگا و سیاسەتی ژنان دیاری دەکەن، وتیشی: بۆ ئەوەی ژنان لە بەشی کارگێڕی و بەڕێوەبردنیشدا قسە و بڕیاریان هەبێت، هەموو ئەگەرەکان هەڵدەسەنگێنین، سیستەمی هاوکاری-هەرەوەزی کە دەتوانین وەک مۆدێلێکی ئابووری بچووک پێناسەی بکەین، یەکێک دەبێت لە بوارەکانی کارکردنمان، ئەگەر لە شارەوانیشدا کێشە و گرفت هەبێت، ئەوا بە ئەنجومەنەکان کە گەل جێگەی تیادا دەگرێت، چارەسەر دەکرێت و لەم پرۆسەیەدا ئەکادیمیا و ئەنجومەنی شار و چالاکییە هاوبەشەکان چالاکییە سەرەکییەکان دەبن.

 

"کاری باش بۆ ژنانی گەنج و منداڵان دەکەین"

بێریڤان گوڵشەن سنجار باسی لەوە کرد، کە بیر دەکەنەوە پرۆسەیەکی کارکردنی بەهێز بۆ ژنان و گەنجان و منداڵان پەرەپێبدەین، وتیشی: دەبێت بتوانین لە ڕێگەی ئەکادیمیاکانەوە گەشەپێدانی پێویست بنیات بنێین، دامەزراندنی ئابووری لەگەڵ یەکەکان بنیاد دەنێین، سیستمی بەرهەمهێنانمان پەرەپێدەدەین و کولتووری دیموکراتیمان لە ئەنجومەنەکاندا لەسەر بنەمایەکی بەهێزتر بنیاد دەنێین، بە دروشمی "دەتوانین خۆمان و شارەکەمان بەڕێوە ببەین" کار دەکەین و بەدوای چارەسەردا دەگەڕێین بۆ هەموو ئەو کێشانەی کە سەرهەڵدەدەن.