"داواکاری خێزانی قوربانیانی کیمیاباران وەک پێویست وەڵام نەدراوەتەوە"

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا داوا کرا، حکومەتی عێراقی بە فەرمی دوای لێبوردن لە قوربانیانی چەکی کیمیایی، بەتایبەت قوربانیانی جینۆساید بکات و قەرەبووی زیانلێکەوتووانی چەکی کیمیایی بکرێتەوە.

سلێمانی

 

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە هۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون لە شاری سلێمانی هەریەک لە ڕێکخراوەکانی تۆڕی جینۆساید، چالاکوانانی بواری جینۆساید، ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال، کوردستان بە بێ جینۆساید، تۆڕی ئایکان کوردستان، ڕێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کۆمەڵکوژ لە کوردستان، ڕێکخراوی جیهانی بێ چەکی کیمیایی بایۆلۆجی، ڕێکخراوی هەڵمەتی دادپەروەری، بە دروشمی "هەڵەبجە زامێکی لەبیر نەکراوە" کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بۆ بەرز ڕاگرتنی یادی ٣٦ ساڵەی کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە ڕێکخست.

 

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕاگەیەندراوی تۆڕی ڕێکخراوەکان خوێندرایەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، "ئەمساڵ ٣٦ ساڵ تێدەپەڕێت کە ڕژیمی بەعس گەورەترین تاوانی بەرامبەر خەڵی شاری هەڵەبج ئەنجامدا، هەڵەبجە وەک زۆرترین قوربانی هاوڵاتیانی مەدەنی لە مێژووی مرۆڤایەتی دیاریکرا، بۆیە لێرەوە کۆمەڵێک، داواکاری دەخەینەڕوو، کە پێویستە حکومەتی عێراقی بە فەرمی دوای لێبوردن لە قوربانیانی چەکی کیمیایی بەتایبەت قوربانیانی جینۆساید بکات، قەرەبووی زیان لێکەوتوانی چەکی کیمیایی بکرێتەوە، پێویستە پشتیوانییە داراییەکان بۆ قوربانیان زیاد بکرێت و لیستی مووچەکانیان ئاشکرا بکرێت".

 

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "پشتیوانی هەموو هەوڵێک دەکەین بۆ دادگایی کردنی ئەو کەس و لایەنانەی کە چەکی کیمیایان فرۆشتووە، پێویستە هەنگاوی پەلە بنرێت بۆ دادگایی کردنی بەشدارانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی داواکاریەکانی خەڵکی شاری هەڵەبجە و قوربانیانی چەکی کیمیایی لە کوردستان بداتەوە، کە بریتیە لە، چارەسەرکردنی برینداران، دابینکردنی چارەسەرەکان بە خۆڕای بۆیان، دابینکردنی ئەرکە ئابووریەکان و شوێنی نیشتەجێبوون بۆیان، گەڕانەوەی ڕووفاتی ئەنفالکراوان و ئەنجامدانی پشکنین بۆیان، هەروەها ڕێکاری یاسایی بۆ چارەسەرکردنی کەیسی منداڵە ونبووەکان بگیرێتەبەر، هەروەها پشتیوانی هەر قوربانیەک و داواکاریەکین کە خێزانی قوربانیانی هەڵەبجە داوایان کردبێت".

 

"ڕێکخراوەکان پێویستە بۆ داهاتووی قوربانیان هەوڵبدەن"

دیمەن محەمەد، لێپرسراوی ڕێکخراوی چیرۆکەکانی ئەنفال، ئاماژەی بەوەدا، ڕیکخراوەکان هەموو ساڵێک لە ١٤ی ئاداری هەموو ساڵێکدا هەڵدەستن بە گردبوونەوەیەک و پێشنیارکردنی چەندین داواکاری خێزانی شەهیدان و قوربانیان، وتیشی: دواکاری خێزانی قوربانیان وەک پێویست وەڵام نەدراوەتەوە، داوا دەکەین مووچەیەکی شایستە بۆ کەسوکاری ئەنفالکراوان دابین بکرێت، دابینکردنی نەخۆشخانەی تایبەت بە قوربانیان، هەروەها بە سزا گەیاندنی تاوانبارانی جینۆساید کردنی هاوڵاتیانی مەدەنی.

 

٣٦ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی شاری هەڵەبجە و دەوروبەریدا، لەسەر دەستی ڕژێمی بەعسی عێراق تێدەپەڕیت، کە لە ئەنجامی ئەم تاوانە زیاتر لە ٥ هەزار هاوڵاتی مەدەنی بوونە قوربانی، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قوربانیانیش لە زیادبووندان بەهۆی نەبوونی چارەسەری پێویست.