خەبات و بەرخۆدانی ژنانی ئەفغانستان بەردەوامە

سەرەڕای تاوانە بەردەوامەکانی تاڵیبان لە ئەفغانستان، ژنانی ئەفغانی وازیان لە بەرخۆدان و خەبات نەهێناوە بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ڕاستەقینەی تاڵیبان.

بەهاران لاهیب

 

ئەفغانستان- لە ١٥ی ئابی ٢٠٢١ کە تاڵیبان لە ئەفغانستان دەسەڵاتی گرتە دەست، ئەو کچانەی کە پۆلی شەشیان تێپەڕاند ڕێگەیان پێنەدرا بچنەوە قوتابخانە، زانکۆکان و کۆرسە پەروەردەییەکان داخراون، سەرپۆش ڕاگەیەنراوەو چوونە دەرەوەی ماڵ قەدەغە کراوە، هەموو ڕۆژنامەنووسە ژنەکان هەڕەشەیان لێکراوە کە لە ڕاگەیاندنەکاندا بەبێ داپۆشینی ڕوخساریان نابێت دەربکەون.

 

لەگەڵ گرتنە دەستی دەسەڵات، یەکەم هێرش و دەستدرێژی بوو بۆ سەر ژنان بوو، هەموو ڕۆژێک تاڵیبان یاسایەکی نوێ پێشکەش دەکات کە تیایدا ڕق و کینەی خۆیان بەرامبەر بە ژنان دەردەبڕن، ئەو دامەزراوەیەی کە ژنێک سەرۆکایەتی دەکات ناچار دەکرێت دەست لەکار بکێشێتەوە، هاوسەرگیری بەزۆر، توندوتیژی خێزانی، کوشتن، ناڕەزایەتی کۆمەڵایەتی، هاوسەرگیری بەزۆر بۆ منداڵانی کچ گەیشتۆتە لوتکەو هەژاری و بێکاری زیادی کردووە.

 

"بەبیانووی پابەندنەبوونی حیجاب ژنان دەستگیردەکرێن"

لە دوایین نموونەی پێشێلکارییەکانی تاڵیبان دژی ژنان، لە چەند مانگی ڕابردوودا بە بیانووی پابەندنەبوون بە یاساکانی حیجاب ژنانیان دەستگیرکردووە کە ژمارەیەکیان لەژێر ئەشکەنجەدا کوژراون و ژمارەیەکی دیکەیان هەراسانکراون، بۆ ئازادکردنی ژنان داوای پارە دەکەن، هەروەها لە ڕووداوێکی دیکەدا، ژمارەیەک ژن و پیاو بە شێوەیەکی گشتی بەناوی تاوانی ڕەوشتی دەستگیرکران.

 

پشتیوانی تاڵیبان دەکرێت

سەرەڕای چەندین قەیران بەدەستی تاڵیبان کە تۆمار کراون، بەڵام ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا ئەفغانستانیان بە دوو بەش ڕادەست کرد، ئێستا هەوڵدەدەن ڕێگا خۆش بکەن بۆ شەرعییەتی جیهانی خۆیان بە ناردنی ملیارەها دۆلار بۆ پشتیوانی.

 

ژنان ناترسن و بەردەوامن لە بەرخۆدان

سەرەڕای تاوان و پێشێلکارییە بەردەوامەکان بۆ ڕێگریکردن لە ژنانی ئەفغانی، ژنان بەردەوام بوون لە بەرخۆدان و تێکۆشان بۆ مافەکانیان، هەرچەندە ئەوان ئاگادارن لەوەی کە زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان چارەنووسیانە، ژنان لە زیندانەکاندا ناچارکراون دان بەو تۆمەتانەدا بنێن کە هیچ ڕاستییەکیان نییە، بەڵێن بە ژنان درا کە ئازاد بکرێن بە مەرجێک ڕەفتاری تاڵیبان لە زیندانەکاندا ئاشکرا نەکەن، بەڵام ژنان بەبێ ترس، تاوانەکانی ئەشکەنجەیان ئاشکرا کرد کە نەخۆشی دەروونی و جەستەیی دروستکردووە.

 

زەریفە یەعقوبی، چالاکوانی مافەکانی ژنان و دەیان ژنی ئازادکراو چاوپێکەوتنیان لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکاندا کردووە و وتوویانە: جار جار ئەشکەنجە دراین، لەسەر پێستمان شوێنی ئەشکەنجە هەیە کە ناتوانین بە راگەیاندنەکانی نیشان بدەین.

 

سەرەڕای هەڕەشە و تۆقاندن، ژنان لە ماڵەکانی خۆیاندا بە گروپی چوار بۆ پێنج کەس لە زۆربەی پارێزگاکان کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ڕەتکردنەوەی هەڵسوکەوتەکانی تاڵیبان و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بە حکومەتەکەی و هەڵوێستی لایەنگری نەتەوە یەکگرتووەکان.

 

زۆرێک لەو ژنانەی کە ناچارکرابوون وڵاتەکە بەجێبهێڵن بۆ ڕزگارکردنی ژیانیان و خێزانەکانیان، دەستیان بە ڕێپێوانێکی گەورە کرد، لەوانە تامانا زریاب باریانی، چالاکوانی مافەکانی ژنان مانگرتنی لە خواردن دەستپێکرد بۆ فشارخستنە سەر حکومەتەکانی ڕۆژئاوا بۆ ئەوەی واز لە پشتیوانیکردنی تاڵیبان بهێنن.