تەندروستی جیهانی: منداڵان لە غەززە بە برسێتی گیان لەدەست دەدەن

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاشکرایدەکات، منداڵان بەهۆی برسێتییەوە لە باکووری غەززە گیان لەدەست دەدەن.

ناوەندی هەواڵ

 

تێدرۆس ئەدهانۆم، سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژەی بەوەکرد، سەردانەکانی ئاژانسەکە لە کۆتایی هەفتەدا بۆ نەخۆشخانەکانی عەودا و کەمال عەدوان یەکەم سەردانە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە.

 

لە بڵاوکراوەیەکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، باسی "ئەنجامە خراپەکان"ی کردووەو ئاماژەی بەوەکردووە، نەبوونی خۆراک بووە هۆی گیان لەدەستدانی ١٠ منداڵ و ئاستی بەدخۆراکی سەخت، هەروەها بینای نەخۆشخانەکان وێران بوون.

 

وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاند، بەلایەنی کەمەوە ١٥ منداڵ بەهۆی بەدخۆراکی و وشکبوونەوە لە نەخۆشخانەی کەمال عەدوان گیانیان لەدەستداوە.

 

سەرۆکی ڕێکخراوەکە وتووشیەتی: ئاستی بەدخۆراکی سەخت، منداڵان بەهۆی برسێتییەوە گیان لەدەست دەدەن، کەمی سووتەمەنی، کەمی خۆراک و پێداویستی پزیشکی هەیە، بیناکانی نەخۆشخانەکان وێران بوون، لە باکووری غزەزە، کە نزیکەی ٣٠٠ هەزار کەس بە کەمی خۆراک و ئاوی پاک دەژین.

 

کاربەدەستێکی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات لەوەی بەلایەنی کەمەوە ٥٧٦ هەزار کەس لە کەرتی غەززە، کە یەک لەسەر چواری دانیشتووانی غەززەیە، ڕووبەڕووی ئاستێکی کارەساتباری نەبوونی ئاسایشی خۆراک بوونەتەوە  یەک لە ٦ منداڵی خوار تەمەن دوو ساڵ لە باکوور تووشی بەدخۆراکییەکی سەخت دەبن.