بەئامانجگرتن، برسێتی، و پەتا؛ سێگۆشەی مەرگ ڕووبەڕووی دانیشتوانی غەززە دەبێتەوە

گەمارۆدانی سەپێنراو و ڕێگریکردن لە چوونە ناوەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە، مەترسی لەسەر ژیانی هەزاران دانیشتووی غەززە دروستکردووە و ئێستا لەناو سێگۆشەی مردندان و ڕووبەڕووی برسێتی ڕاستەقینە بوونەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ماوەی پێنج مانگە شەڕ لە نێوان هێزەکانی ئیسرائیل و حەماس بەردەوامی هەیە و هەزاران گیان لەدەستدان و بریندار و بێسەروشوێنی لێکەوتووەتەوە، ئەمە جگە لە ئاوارەبوونی هەزاران خێزان گەشتنی نزیکەی ٢.٢ ملیۆن کەس بە لێواری برسێتی.

 

لەگەڵ پەرەسەندنی خێرایی بۆردوومانەکانی چەند مانگێک بۆ سەر کەرتی غەززە، وەزارەتی تەندروستی دوێنێ، ٢٣ی شوبات ڕایگەیاند کە شەڕی بەردەوام دانیشتوانی غەززە دەخاتە سێگۆشەی بەئامانجگرتن و برسێتی و پەتاوە، هۆشداریشیدا، زیاتر لە نیو ملیۆن کەس، کە لە باکووری غەززە نیشتەجێن، ڕووبەڕووی برسێتی بوونەتەوە.

 

ڕوونیشی کردەوە کە نزیکەی ٣٥٠ هەزار نەخۆشی درێژخایەن و ٦٠ هەزار ژنی دووگیان و نزیکەی ٧٠٠ هەزار منداڵ لە غەززە لە ئەنجامی بەدخۆراکی و وشکبوونەوەی لەش و نەبوونی پێداویستی پزیشکی تووشی ئاڵۆزییە جدییەکان دەبنەوە، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێزەکانی ئیسرائیل لە ڕێگریکردن لە هاتنی خۆراک و دەرمان لە غەززە، کە هەر ساتێک زیاتر لە ٧٠٠ هەزار کەس هەڕەشەی مردنیان لەسەرە، ئەمەش بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لە غەززە.

 

هێزەکانی ئیسرائیل بۆردوومانەکانیان بۆ سەر هەموو ناوچەکانی کەرتی غەززە چڕتر کردەوە و چەندین کۆمەڵکوژی نوێیان ئەنجامدا و وێرانکارییەکی گەورەیان لەو ناوچانەدا ناوەتەوە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا هێزەکانی ئیسرائیل چەندین هێرشی ئاسمانییان ئەنجامدا، لەو ماوەیەدا ١٠ کۆمەڵکوژی ئەنجامدرا و ١٠٤ کەس گیانیان لەدەستدا، لەنێویاندا خێزانەکان کە بەتەواوی لەناوچوون، هەروەها ئەو بۆردوومانانەی کە چەند ناوچەیەکی ناوەڕاست و باشووری کەرتی غەززەی کردە ئامانج، زیاتر لە ١٦٠ کەسی بریندار کرد و و ژمارەیەکی بارچاو بەرکەوتوو لە ژێر داروپەردووی ماڵە وێرانبووەکاندا ماونەتەوە، بەهۆی توندی بۆردوومانەکەوە تیمەکانی فریاگوزاری نەیانتوانی هاوکارییان بکەن.

 

دوای ئەوەی زۆرێک لە وڵاتان پێدانی بودجەیان وەستاند، کۆمیساری گشتی ئاژانسی فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستین هۆشداریدا لەوەی دوای پچڕانی بودجەی فەلەستین ئاژانسەکە دەگاتە لێواری داڕمان.

 

ژمارەی گیان لەدەستداوانی هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ەوە بۆ زیاتر لە ٢٩ هەزار و ٥١٤ کەس بەرزبووەتەوە و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٦٩ هەزار و ٦١٦ کەس.