داوای ئازادکردنی چالاکوانێکی سعودی دەکرێت کە بەهۆی ئازادی ڕادەربڕینەوە دەستگیرکراوە

چالاکوانانی مافی مرۆڤ داوایان لە دەسەڵاتدارانی سعودیە کرد، دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن یان بیانخەنە بەردەم دادگای دادپەروەرانە.

ناوەندی هەواڵ

 

پەڕەی زیندانیانی ویژدان کە تایبەتە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵ سەبارەت بە دەستگیرکراوان لە سعودیە، دوێنێ ڕایگەیاند، ماوەی چوار ساڵە چالاکوان ئامانی ئەلزەین لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعودیەوە بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆیەک کە ڕەخنە لە شازادەی جێنشینی سعودیە دەگرێت، دەستبەسەر کراوە و لە دۆخی "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێدا" ڕۆژەکانی زیندان تێدەپەڕێنێت.

 

لە پۆستێکی پێشوودا پەڕەکە ڕایگەیاندووە، "دەستگیرکردنی چالاکوانی سعودی ئامانی ئەلزەین لەسەر بنەمای ئەو ڕەخنانە بووە کە لە ڤیدیۆ کلیپێکی شازادەی جێنشینی سعودیە محەمەد بن سەلمان، لە پاشخانی کوشتنی ڕۆژنامەنووس جەمال خاشقچیدا کردوویەتی".

 

چەند مانگێک پێش دەستگیرکردنی، ئامانی ئەلزەین وشەی "ئەبو مشار"ی بەکارهێنابوو کاتێک لەگەڵ چالاکوانی میسری وەیل غونیم قسەی دەکرد. گفتوگۆکە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩دا بووە، چالاکوانان کلیپێکی ڤیدیۆیییان بە هاشتاگی "ئامانی ئەلزەین سوکایەتی بە شازادەی جێنشینی سعودیە دەکات" بڵاوکردووەتەوە، ئەمەش پێش ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی سعودیە لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٠ دەستگیری بکەن.

 

بڵاوکراوەکانی ئەمانی ئەلزەین لە نێوان هونەر و ڕۆشنبیری و کاروباری گشتیدا جیاوازن و بەردەوام لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بۆچوونەکانی خۆی دەردەبڕێت، بەو پێیەی نەیاری ئەو هەڵمەتە سەرکوتکردن و دەستگیرکردنە ئارەزوومەندانە بووە کە دەسەڵاتدارانی سعودیە ئەنجامیانداوە، پێش ئەوەی دەستگیربکرێت، بە گوێرەی ناوەندی کەنداو بۆ مافەکانی مرۆڤ.

 

فەوز ئەلعوتەیبی، چالاکوانی سعودی نیشتەجێی بەریتانیا، داوای ئازادکردنی ئامانی ئەلزەین و سەرجەم دەستگیرکراوان و زیندانیانی ویژدانی لە سعودیە کرد و وتی: دەسەڵاتدارانی سعودیە هەڵمەتی بەرتەسککردنەوەی ئازادییەکانیان چڕتر کردەوە، تا ئەو ڕادەیەی کە مافی ڕادەربڕین بە تەواوی نەماوە.

 

ڕێکخراوی سەنەد کە ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤە و لە بەریتانیا تۆمار کراوە، بارودۆخی مافی مرۆڤی لە سعودیە بە "خراپبوون" پێناسە کرد و داوای ئازادکردنی دەستگیرکراوان دەکات، لەنێوانیاندا چالاکوان ئامانی ئەلزەین، ڕایگەیاندووە، "ئامانی ئەلزەین ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە بارودۆخی ناو زیندانەکە، بەو پێیەی ڕێگری لێکرابوو پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەیدا بکات، نادیارە و تا ئێستاش هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نییە".

 

ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ پشتیوانی لە ماف و ئازادییەکان داوای لە "دەسەڵاتدارانی سعودیە کرد کە چارەنووسی چالاکوان ئامانی ئەلزەین ئاشکرا بکەن"، ڕاشیگەیاند، "ئامانی ئەلزەین کەسێکی سەرسەختە لایەنگری مافەکانی مرۆڤ".

 

چالاکوانانی سعودی ڕەخنە لە "سیستەم بۆ بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان" دەگرن و ئاماژە بەوە دەکەن کە ئازادی بڵاوکردنەوە و ڕادەربڕین لە سعودیە بە تایبەت لە سایتەکانی تۆڕی میدیادا سنووردار دەکات.

 

بەپێی مادەی شەشەمی "سیستمی کۆنترۆڵکردنی تاوانە ئەلیکترۆنییەکان"، هەر کەسێک سزا دەدرێت بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە لە پێنج ساڵ زیاتر نەبێت و غەرامەکردن کە لە سێ ملیۆن ڕیاڵ زیاتر نەبێت، یان یەکێک لەو سزایە، کە هەر شتێک لە ڕێگەی تۆڕێکی زانیاری یان کۆمپیوتەرەوە بەرهەم بهێنێت، ئامادە بکات، بنێرێت، یان هەڵیبگرێت کە ڕەنگە زیان بە نەزمی گشتی، بەها ئاینییەکان، ئەخلاقی گشتی، یان پیرۆزی ژیانی تایبەت بگەیەنێت.