لەبارەی کامپی هۆلەوە دواکارییەک پێشکەشی خاچی سوور دەکرێت
لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی ڕەوشی ئاوارەکانی کامپی هۆلەوە داوای هاوکاری لە ڕێکخراوی خاچی سوور کرد، کە هانى وڵاتان بدەن هاوڵاتییەکانیان لە کامپەکە وەربگرنەوە.
ناوەندی هەواڵ
كامپی هۆڵ لە حەسەکەی باکوورو ڕۆژهەڵاتی سووریا تایبەتە بە خێزان و كەسوكاری چەكدارەكانی چەتەکانى داعش، بەپێى ئامارەكان زیاتر لە ٧١ هەزار كەسی تێدایە و زۆربەیان عێراقین، ئەو كامپە بە مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی چەتەکانى داعش دادەنرێت و لەو چوارچێوەشدا بە فەرمی داوا لە وڵاتان كراوە هاوڵاتییانیان لەو كامپە بگوازنەوە.
هێزەکانی سووریای دیموکراتیک-قەسەدە، بە هاوکاری یەکینەکانی پاراستنی ژنان- یەپەژە، لە ٢٧ی کانوونی دووەم، قۆناغی سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "ئەمنی و مرۆیی" لە کامپەکە بەڕێوەبردو ٨٥ داعش و هاوکارەکانی دەستگیرکردن، هەروەها دەست بەسەر ئەو ئامێرانەدا گیرا کە بیری توندڕەوی داعشیان بڵاودەکردەوەو تاوانیان لەناو کامپەکەدا پێ ئەنجام دەدرا.
لە چوارچێوەی داواکاری وڵاتان بۆ گەڕاندنەوەی کەسوکارو خێزانەکانی داعش کە لە کامپی هۆل-دان، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەگەڵ میریانا سپۆلیاریچ ئێگەر، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور کۆبوەوە.
لەبارەى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانى عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، لە میانی دیدارەکەدا سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە ڕێکخراوی خاچی سوور کردووە کە هانی وڵاتانی دیکە بدات بۆ وەرگرتنەوەى هاووڵاتیانیان لە کامپی هۆلەوە.