"بەرخۆدانمان هەتا گەڕانەوە بۆ عەفرین بەردەوام دەبێت"

ژنانی عەفرین کە کۆچیان کردووە بۆ کامپەکانی شەهبا دووپاتیان کردەوە سەرەڕای ئەو بارودۆخەی لە کامپەکاندا هەیە بەردەوامن لە بەرخۆدان و گەڕانەوە بۆ عەفرین مسۆگەر دەکەن.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکیا لە ١٨ی ئازاری ٢٠١٨ هەرێمی عەفرینی داگیرکرد، سەدان هەزار کەس کۆچیان کرد و لە کانتۆنی شەهبا و ناوچەکانی شێراوا و شەرا لە عەفرینی داگیرکراو نیشتەجێ بوون، کامپی شەهبا یەکێکە لەو کامپانەی کە دەرگای بەڕووی کۆچبەرانی عەفریندا کردووەتەوە، کامپەکە لە ساڵی ٢٠١٦  لەلایەن خۆبەڕێوەبەری عەفرینەوە کراوەتەوە بۆ ئەو کۆچبەرانەی لە ناوچەکانی شەهبا و حەلەب ئاوارە بوون، بەڵام دوای داگیرکردنی عەفرین، کۆچبەرانی عەفرینیش لەوێ نیشتەجێ بوون.

 

لە کامپی شەهبا، ٦٥ خێزانی عەفرین و ٣٥ خێزانی پێکهاتەی عەرەبی بە شێوەیەکی هاوبەش دەژین، ئەم کامپە لە نزیک گوندی کیشتەر لە ناوچەی شەرای عەفرینەو نزیکە لە هێڵی سنووری، هەموو ڕۆژێک دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا و چەتەکانی دەوروبەری کامپەکە بۆردومان دەکەن، ئەو کۆچبەرانەی عەفرین کە لە کامپەکە نیشتەجێ بوون، بۆچوونی خۆیان بۆمان دەربڕی.

 

"نزیکی کامپەکە بۆردومان دەکات"

لەیلا حسێن باسی لە سەختییەکانی ژیان لە کامپی شەهبا کردو وتی: دوای ئەوەی لە عەفرینەوە کۆچمان کرد، لە کامپی شەهبا لە ناوچەی شێراوای عەفرین نیشتەجێ بووین، کورد و عەرەب لەم کامپەدا پێکەوە دەژین، لەبەر ئەوەی لە هێڵی سنووری نزیکین، دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ڕۆژانە هێرش دەکاتە سەرمان و زۆرجار کامپەکە دەکاتە ئامانج، ئەگەر بەهۆی بۆردومانەوە چادرێک بسوتێت ئەوا مەترسی لەسەر هەموو چادرەکان دروست دەبێت، بارودۆخی کامپەکە زۆر قورسە و پێویستە ڕێکخراوە مرۆییە جیهانییەکان بە هەستیارییەوە هەڵسوکەوت بکەن، لە هەمان کاتدا، کەسانی بەتەمەن و منداڵانی دانیشتووی کامپەکە پێویستیان بە ڕێکخراوێکی تەندروستی هەیە، تەنها خۆبەڕێوەبەری بەپێی دەرفەتەکانی یارمەتیدەرە، بەڵام هەموو هەلومەرجەکانی ژیان تەنها بۆ مسۆگەرکردنی گەڕانەوەی عەفرین قبووڵ دەکەین.

 

"دۆخی کامپەکان سەختترە"

لەتیفە بەکر باسی بارودۆخی کامپەکەی کرد و وتی: ژیان لە کامپەکەدا قورسترە، بەتایبەتی منداڵانی بچووک ناتوانن بەرگەی ساردی و گەرما بگرن، کاتێک هێرشەکان تا بەیانی بەردەوام دەبێت، ناتوانین بخەوین، ئێمەو گەلی عەرەب لێرە بەیەکەوە دەژین و سەرەڕای بۆردومان و هێرشەکان بەردەوامین لە بەرخۆدانمان بۆ گەڕانەوە بۆسەر خاک و ماڵی خۆمان.

 

"لە کامپەکاندا بە ڕۆحێکی بەرخۆدێر بەردەوام دەبین لە ژیان"

فەریدە جەمال، کە تەمەنی گەورەیەو و نەخۆشی دڵی هەیە، تیشکی خستە سەر بەرخۆدانی خۆی لە کامپەکان و وتی: لەو کاتەوەی عەفرینمان بەجێهێشت، بەردەوام بووین لە بەرخۆدانمان لە کامپەکاندا، نەخۆشی دڵ و شەکرەم هەیە و پێویستم بە دەرمان و پزیشک هەیە، خۆبەڕێوەبەری یارمەتیمان دەدات، بەڵام بەربەست دەبینن بەهۆی گەمارۆکانەوە دەرمان ناگات، سەرەڕای تەمەنی گەورەم بەردەوام دەبم لە بەرخۆدان، دەوڵەتی تورکیا بەردەوام هێرش دەکاتە سەرمان، بەڵام لێرە بە بەرخۆدانەوە دەژین.