لە کامپێکی فەرەنسا کۆچبەرێک کوژرا و کۆچبەرێکی دیکەش بریندار بوو

بە پێی زانیاریەکانی دەزگای لوتکە، ٣ی مانگ لە نزیک کامپێکی باکوری فەرەنسا، بە هۆی تەقە کردنەوە کۆچبەرێک گیانی لەدەستدا و کۆچبەرێکی دیکەش بریندار بوو.

ناوەندی هەواڵ

 

دەزگای لوتکە بۆ کاروباری ئاوارە و پەنابەران بڵاوی کردەوە، لە ڕووداوێكی تەقەکردندا لە کامپێکی باکووری فەرەنسا کۆچبەرێک، کە تەمەنی ٢٢ ساڵە و لە ڕەگەزی نێر و خەڵکی عێراقە بریندار بوو، تا ئێستاش ناسنامەی کوژراوەکە دیاری نەکراوە، کە لە ڕەگەزی نێرە.

 

دەزگای لوتکە ڕایگەیاند، پەڕاوی لێکۆڵینەوە کراوەتەوە و سپێردراوە بە پۆلیسی دادوەری فەرمانگەی ناوەندی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە کۆچبەران.

 

دەزگای لوتکە بڵاوی کردووەتەوە، "بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئەم پیاوە لە کامپێکی کۆچبەران نیشتەجێ بووە لە نزیک ئەو شوێنەی کە دۆزراوەتەوە، کە کەسی دووەم بەهەمان شێوە لەم کامپەدا دەژیا، بریندار بووە، بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی نەبووە، تا ئێستا ئاشکرا نەکراوە کە هەر دوو ڕووداوەکە پەیوەندیان بەیەکەوە هەیە یاخود نا".

 

بە پێی ئامارەکانی بەردەست دەزگای لوتکە، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کامپەکانی نێوان گراند سانت و لۆن پلاج لە سەرەتای زستاندا دەژین تا هەزار و ٥٠٠ کەس دەخەمڵێندرێت، دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێک لە کامپەکان وەک بەشێک لە ئۆپەراسیۆنێکی پەناگە کە لەلایەن دەوڵەتەوە ئەنجامدرا، مەزەندە دەکرێت کە ژمارەی کۆچبەران بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە لە نێوان ٢٥٠ بۆ ٣٠٠ کەس.

 

زۆرێک لە خاڵەکانی ئەم ناوچە کەنارییە لە باکووری فەرەنسا شوێنی ترانزێتن بۆ ئەو کۆچبەرانەی کە بەرەو بەریتانیا دەڕۆن لە سەرتاسەر کەناڵی ئینگلیزیدا.

 

جێی ئاماژەیە، ٣١ی مانگی ڕابردوو، دەسەڵاتدارانی فەرەنسا ٦٩ کۆچبەریان لە خنکان ڕزگار کرد، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووشدا پۆلیس کامپێکی لە شاری لۆن پلاج چۆڵ کرد، کە نزیکەی دوو هەزار کۆچبەری تێدا دەژیا، لەنێویاندا خێزان و منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی بێ یاوەر هەبوون.