تۆمەتێکی دیکە لەسەر وریشە مورادی زیاد کرا

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند، ڕژێمی ئێران تۆمەتێکی دیکەی لە دژی چالاکوان وریشە مورادی بە تۆمەتی "هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی" زیاد کرد.

ناوەندی هەواڵ

 

زیاتر لە ٦ مانگ بەسەر دەستگیرکردنی وریشە مورادی ناسراو بە جوانا سنە، ئەندامی کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا لە زیندانی ئەڤین لە تارانی پایتەختی ئێران ڕاگیراوە.

 

لە ڕاپۆرتێکدا کە دوێنێ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، هاتووە: "لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، بە تۆمەتی هەڵسوکەوت دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، کەیسێکی دیکە لە دژی زیندانی سیاسی وریشە مورادی زیاد کرا و دۆسیەکە ڕەوانەی لقی ١٥ی دادگای شۆڕشی تاران کرا".

 

چالاکوان وریشە مورادی لە ١ی ئابی ٢٠٢٣دا لە نزیک شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستبەسەر کرا و بە مەبەستی دانپێدانانی زۆرەملێ بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئەشکەنجە دراوە.

 

لە کۆتایی مانگی ئابدا لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە بۆ بەندی ژمارە ٢٠٩ی زیندانی ئەڤین لە تاران گواسترایەوە و دوای ٤ مانگ بۆ بەندی ژنانی زیندانی ئەڤین گواسترایەوە، کۆمەڵەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە دوای ڕاگەیاندنی دەستگیرکردنی وریشە مورادی لە ٢٦ی ئەیلوولدا، داوای لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ کرد کە بەدواداچوون بۆ "بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ" و "سیناریۆی دەزگا ئەمنییەکان" بکەن.