"ساڵێکە هەموو ڕۆژێک ٦ی شوبات لەبیرماندایە"

دۆن داڤۆلجو و ئایشە کاپلانئۆغڵو، زیانبەرکەوتووی بوومەلەرزەکانی ئەنتاکیا ئاماژەیان بەوەکرد، ماوەی ساڵێکە لەگەڵ خێزانەکانیان لەو چادرانەی کە تەوالێت و حەمامیان تێدا نییە، لە دۆخێکی سەختدا دەژین.

ئەنتاکیا

 

هەرچەندە ساڵێک تێپەڕیوە بەسەر بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندی مەرەش بوو، بەڵام لە ئەنتاکیا هیچ برینێک ساڕێژ نەبووەو ژیان ئاسایی نەبووەتەوەم هێشتا هیچ شوێنێک نییە بۆ ئەوەی خەڵک تێیدا بژین، هەندێک لە زیانبەرکەتووانی بوومەلەرزەکان بەبێ کابینە چادریان لەسەر وێرانەکانی ماڵەکانیان داناوەو لە بارودۆخێکی سەختدا دەژین.

 

ژنانی ئەنتاکیا، بە پشتیوانی گەل کە هەوڵ دەدەن لەسەر پێیەکانیان بمێننەوە  باسی ئەو سەختییانەیان بۆ کردین کە ڕووبەڕووی دەبنەوە لە چادرەکاندا، ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئەوان ٦ی شوباتیان لەبیر نەکردووەو ژیانیان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت.

 

دۆن داڤولجو، کە ماڵەکەی لە گەڕەکی داغ بوو پێش بوومەلەرزەکە، ئاماژەی بەوەکرد، لە ماڵە زیانلێکەوتووەکەی لەگەڵ هاوژینەکەی لە بوومەلەرزەکە ڕزگارکراوە. دایکی هاوژینەکەی لە بوومەلەرزەکەدا گیانی لەدەستداوە و براکەی هاوژینەکەشی لەبەر ئەوەی لەژێر وێرانەکاندا بووە قاچی نەماوەو لەو کاتەوە لە چادردا دەژین، وتیشی: هەرچەندە ساڵێک تێپەڕیوە، بەڵام هیچ شتێک لە ژیانماندا باش نەبووە،هەموو کەسێک بڵاو بووەوە، یارمەتی کەسمان وەرنەگرت، منداڵەکەم هێشتا تەمەنی سێ مانگە، هاوژینەکەم کار دەکات، خۆمان بەو پارەیە بەڕێوەدەبەین کە بەکارکردن دەستی دەکەوێت، لەبەئەوەی لە چادردا دەژین هەمیشە پێویستمان بە تەختەیە، تەختە لە بینای ویرانبوو دەهێنین زۆربەی کات، کاتێک تەختەکان دەهێنین خەڵک هاوارمان بەسەردا دەکەن، ئەوان کابینەیان پێنەداین چونکە ماڵەکەمان بە "بێ زیان" نووسراوە، بەڵام ئەگەر بێن و سەیری ماڵەکە بکەن، دەبینن کە هیچ دیوارێکی بە باشی نەماوە.

 

"ساڵێکە لە پەرێشانیداین"

دۆن داڤولجو ئاماژەی بەوەکرد، هەوڵی داوە منداڵەکەی لە چادرێکدا بەخێو بکات بەبێ تەوالێت و حەمام و وتی: حکومەت بۆ ماوەی ساڵێک هیچی بۆ نەکردووین، بە تەنیا بووین و ناچار بووین لە وێرانەکاندا بژین، ئەم شوێنانە زۆر ساردن لە ئێوارەدا، منداڵەکەم زۆر بچووکە بەهۆی باران بارینەوە چەندین جار لافاو ڕووی داوەو لێرە بێزاربووین،  ماوەی ساڵێکە لە چادردا دەمێنینەوە و تەوالێت و شوێنی پاکمان نییە.

 

"هیچ شتێک نییە بتوانین خۆمانی پێ گەرم بکەینەوە"

ئایشە کاپلانئۆغلۆ، کە لە هەمان گەڕەک دەژی، وتی: خانووە دوو نهۆمییەکەمان وێران بووە و لەگەڵ هاوژینە خاوەن پێداویستییە تایبەتەکەم لە چادرێکدا دەژین، کابینەمان ویست بەڵام پێیان نەداین، ئەو سەختییانەی کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە هەرگیز کۆتاییان نەهاتووەو بارودۆخەکەمان ڕۆژ بە ڕۆژ خراپتر دەبێت، ئێوە بارودۆخمان دەبینن، هیچ شتێکمان نییە، هیچ شتێک نییە بۆ سوتاندن، بۆ ئەوەی خۆمان گەرم بکەینەوە، ماوەی ساڵێکە لێرە دەژین. ماڵەکەم بە تەواوی وێران بوو، تەنها دەبێت لێرە بژین، هیچ شتێکی تر ناکەین، هەندێک کەس هەن کە بارودۆخەکەیان لە بارودۆخی ئێمە خراپترە.

 

ئایشە کاپلانئۆغڵو لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئەوان ئەو شتانەیان لەبیر نەکردووە کە بۆ ماوەی ساڵێک تێیدا ژیاون و وتی: ئەو ڕۆژانە هێشتا لەبەردەم چاوەکانمدان، زۆر کەس لەبیریان کردووە، بەڵام ئێمە هێشتا لەبیرمان نەکردووە، هەموو ڕۆژێک لە ناو وێرانەکاندا دەژین.