یەکەم ڕۆژی مەراسیمی پیرشالیار لە هەورامانی تەخت دەستی پێکرد

یەکەم ڕۆژی مەراسیمی پیرشالیار لە هەورامانی تەخت بەڕێوەچوو، ئەم مەراسیمە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و کۆمەڵێک ڕێوڕەسمی تایبەت بە خەڵکی ناوچەکە بەڕێوە دەبرێت.

دنیا نەزەری

 

سنە- دوێنێ، ٣٠ی کانوونی دووەم، مەراسیمی پیرشالیار لە هەورامانی تەخت بەڕێوەچوو، کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت و کۆمەڵێک چالاکی جۆراوجۆری تیایدا دەکرێت، یەکەم ڕۆژی مەراسیمەکە منداڵان دەست بە کۆکردنەوەی نوقڵ و شیرینی دەکەن، بە جانتا و زەرفەکانیانەوە کوچە و کۆڵانی هەورامان دەگەڕان، تا ژنان شیرینی و خواردنیان پێبدەن و منداڵان دەڵێن (کۆتە، کۆتە)، مەراسیمەکەش پێی دەوترێت کۆتە.

 

لە یەکەم ڕۆژی مەراسیمی پیر شالیار خەڵکی هەورامان خۆیان بۆ مەراسیمی سەرەکی ئامادە دەکەن، گوندەکە پڕ دەبێت لە میوان و گەشتیار کە هاتوون بۆ وێنەگرتن و بینینی مەراسیمەکە، خەڵکی ناوچەکەش بە جۆش و خرۆشەوە سڵاویان لێدەکەن، فۆتۆگرافەر و ڕۆژنامەنووسانی سەرتاسەری جیهان و ئێران لەم سێ ڕۆژەدا ئامادە دەبن و سات بە سات چاودێری مەراسیمەکە دەکەن، چونکە بە سروشتی گوندەکە و ئەو زمان و جلوبەرگانەی کە ڕەمزی هەورامانن، سەرسامن، کە نیشانەی ڕەسەنایەتی هەورامان و کولتوور و دابونەریتەکەیەتی.

 

یەکێک لە مناڵەکانی هەورامانی تەخت بە ناوی ژوان ئەحمەدی باسی لە مەراسیمەکە کرد و وتی: ئەمڕۆ یەکەم ڕۆژی مەراسیمی پیرشالیارە، لەم ڕۆژەدا منداڵەکان دەچنە کۆتە کۆتە و جانتاکانیان دەبەن بۆ ئەوەی خەڵک خواردنی تێبکات، ئەوان دەچن بۆ دەرگای ماڵەکان و دەڵێن "کلارۆچنی" و دیسانەوە خواردنیان دەدەنێ، لە کاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ تا پێنج، دەروێشەکان دەچنە مزگەوتی گەورە و لەوێ نمایشی سەمای عیرفانیی دەکەن و ڕۆژی پێنجشەممەش بە هەمان شێوە و تا کاتژمێر پێنجی ئێوارە، لە دەرگای ماڵەکان دەدەین و دەڵێین کۆتە کۆتە، تا خواردن وەربگرین و پاشان دەگەڕێینەوە ماڵەکانمان بۆ ئەوەی خۆمان بۆ بەیانی ئامادە بکەین.