سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان؛ ١٢٨ ڕۆژنامەنووس پێشێلکارییان بەرامبەر کراوە

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە شاری هەولێر ڕاپۆرتی ساڵانەی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ٦٢ حاڵەتی پێشێلکاری بەرامبەر ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن کراوە، بەڵام هیچ ژنێک لەناو تۆمارەکاندا نییە.

ناوەندی هەواڵ

 

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاپۆرتی ژمارە ٣١-٣٢ی ساڵانەی پێشێلکارییەکانی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان بڵاوکردەوە و بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ساڵی ڕابردوودا ٦٢ حاڵەتی پێشێلکاری، بەڕامبەر ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجامدراوە.

 

نەزاکەت حسێن، سەرۆکی لیژنەی داکۆکییکردن لە ڕۆژنامەنووسان لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕاپۆرتەکەی بۆ میدیاکان خستەڕوو، تیایدا هاتووە، "لە ساڵی ٢٠٢٣دا ١٢٨ ڕۆژنامەنووس و دەزگاى ڕاگەیاندن پێشێلکاریان بەرامبەر ئەنجامدراوە، کە ١٤ حاڵەتی دەستگیرکردن و ڕاگرتنی ڕۆژنامەنووسان بووە، ڕێگریکردن و جیاکاریی لە کاتی ڕووماڵکردن ٢٥ حاڵەت، ١١ حاڵەتی هێرش و سوکایەتیکردن بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و سێ حاڵەتی هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان هەبووە.

 

"لە شاری هەولێر زۆرترین پێشێلکاری کراوە"

ئەوەشى خستەڕوو، لە ساڵی ڕابردوودا دەستبەسەرداگرتن و شکاندنی کەلوپەلی ڕۆژنامەوانی شەش حاڵەت تۆمارکراوە و لێدان لە ڕۆژنامەنووسان دوو حاڵەت و هەڵکوتانە سەر دەزگاکانی ڕاگەیاندن یەک حاڵەت بووە، لە شاری هەولێریش زۆرترین پێشێلکاری کراوە کە ١٩ حاڵەت بووە.

 

لە پلەی دووەمدا بە ١٤ حاڵەت دهۆک و بە ١٢ حاڵەت سلێمانی دێت، لە کەرکوکیش پێنج حاڵەت، ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ٦ حاڵەت، هەڵەبجە سێ حاڵەت، ئیدارەی گەرمیان دوو حاڵەت و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ یەک حاڵەتی پێشێلکاری تۆمار کراوە.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی نەزاکەت حسێن خستیەڕوو، ڕاپۆرتی لیژنەی داکۆکیکردن لە ئازادی و مافی ڕۆژنامەنووسان بۆ ساڵی ڕابردوو، پێشێلکاری تەنها بەرامبەر بە ڕەگەزی نێری تیادایە و بە هیچ جۆرێک پێشێلکاری بەرامبەر ڕەگەزی مێ تۆمار نەکراوە.