"٢١٥ بنکەی سەربازی سوپای پاسداران و دەوڵەتی تورکیا لە هەرێم هەن"
لە یاداشتێکدا کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرا، خرایەڕوو، "لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٢١٥ بنکەی سەربازیی سوپای ئێران و دەوڵەتی تورکیا لە هەرێمی کوردستان کراونەتەوە و لە ساڵی ١٩٩٠وە تا ئێستا زیاتر لە ٨٥٠ هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون".
سلێمانی
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت- CDO لە شاری سلێمانی، ١١٠ چالاکوانی مەدەنیی، ڕۆشنبیر، هونەرمەند و ڕۆژنامەنووس، یاداشتێكیان لە بارەی هێرش و پێشێلکارییەکانی ڕژێمی ئێران و دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا ئاڕاستەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کرد و ڕایانگەیاند، "چەندین ساڵە، هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێران، بە بەردەوامی سەروەریی خاک و ئاسمانی دەوڵەتی عێراق پێشێل دەکەن، بە تایبەتی هەرێمی کوردستان".
یاداشتەکە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەلایەن گەشە دارا، چالاکوان و سیاسەتمەدار خوێندرایەوە و خرایەڕوو، کە "لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا هەریەک لە سوپای پاسدارانی ئێران و دەوڵەتی داگیرکەریی تورک بە قوڵایی هاتوونەتە ناو خاکی هەرێمی کوردستان، هەستاون بە بنیاتنانی ٢١٥ بنکەی سەربازیی، کە ئەمەش پێشێلکردنێکی ڕوون و ئاشکرایە و لە ساڵی ١٩٩٠وە تا ئێستا زیاتر لە ٨٥٠ هاوڵاتیی مەدەنی شەهید و بریندار بوون".
بە پێی ئەو زانیارییانەی لە یاداشتەکەدا هاتووە، "هەردوو دەوڵەت هێرشیان کردووەتە سەر چەندین دامەزراوەی مەدەنی لە قوڵایی خاکی هەرێم وەک فرۆکەخانەکان و ماڵ و موڵکی هاوڵاتییان و مزگەوت و نەخۆشخانە، جگە لە سووتاندن و داگیرکردنی زۆرێک لە باخ و کێڵگەی کشتوکاڵی هاوڵاتییان، کە بووەتە هۆی تێکدانی بەشێکی زۆر لە ژینگەی وڵات، کۆی ئەو زیانانەش بە یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار دۆنم لە زەوی دەخەمڵێنرێت لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ٢٠٢٤"
لە یاداشتەکەدا داواکاری ئاڕاستەی هەرسێ سەرۆکایەتییەکە دەکرێت کە پابەندی بنەما دەستوورییەکان و ماددەی ٦٧ی دەستوور ببن لە ڕووی خاک و هاوڵاتیانی عێراقییەوە، ڕاشیانگەیاند، "پێویستە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کاری جددی و بەپەلە ئەنجامبدەن بۆ ڕێگریی کردن و کۆتایی هێنان بەو هێرشە دوژمنکارییانەی لەلایەن هەردوو دەووڵەتی داگیرکەریی ئێران و تورکیاوە دەکرێتە سەر خاکی هەرێم و سەروەری عێراق".