مامۆستایان جەخت لەسەر بایکۆت دەکەنەوە

ئەمڕۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری مامۆستایان لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە، ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە بەڕێوەچوو، جەخت لەسەر بەردەوامی بایکۆت کرایەوە، تا ئەوکاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیش دەڵێت: دەسەڵات بێ باک و نادیموکراتە.

سلێمانی

 

دوای ١١٥ ڕۆژ لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن چەند ڕۆژێکە لەلایەن هەندێک بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە دەستکراوەتەوە بە خوێندن، لە دوای ئەوەی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی ماوە بەسەرچووی هەرێمی کوردستانیش ڕۆژی ٨ی کانوونی دووەم لە نووسراوێکدا ڕایگەیاند، پاش گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەنجومەنی وەزیران، رەزامەندی هەیە پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی فیدڕاڵی و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم، پلەبەرزکردنەوە دەستپێبکاتەوە و مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراویش بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی دەکرێن بەگرێبەست، مامۆستایانی ناڕازی جەختیان لە بەردەوامی بایکۆت کردەوە.

 

بۆ دووپاتکردنەوەی بڕیارەکەیان، مامۆستایانی ناڕازی ئەمڕۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەرییان لە سلێمانی، هەڵەبجە، ڕانیە، ڕاپەڕین و گەرمیان و کۆیە و چەندین ناوچەی دیکە ڕێکخست و ڕایانگەیاند بەردەوامی بە بایکۆت دەدەن، تا ئەوکاتەی داواکارییەکانیان جێبەجێ دەکرێت.

 

مامۆستایان لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردە گردبوونەوە و ئاماژەیان بەوەدا، "ئەم دەسەڵاتە بێ پلان و شکستخواردووە بە پاساوی جۆراوجۆر و ناڕاستەوخۆ، بەوپەڕی بێویژدانییەوە لەگەڵ زیادکردنی باج و گرانکردنی نرخی پێداویستییەکان، مافە هەرە سەرەتاییەکانی مامۆستایانیان زەوت کردووە".

 

ئەوەشیان خستەڕوو، کە داواکارن لە حکومەت چیتر پڕۆسەی خوێندن نەکات بە قوربانی بێپلانی و خەمساردیی، بە زووترین کات وەڵامی داواکارییە سەرەتاییەکانمان بداتەوە، کە بریتییە لە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و پێدانی مووچەی مامۆستایانی هەمیشەیی بێ پاشەکەوت و لە کاتی خۆیدا.

 

"حکومەت بێ باک و نادیموکراتیکە و جیاکاری لە نێوان خەڵکی شارەکان دەکات"

تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی کۆمەڵگەی کوردستانیش، لەناو خۆپیشاندانی مامۆستایاندا پشتیوانی تەڤگەری ئازادی بۆ داواکارییەکەیان خستەڕوو و وتی: ئەمڕۆ بەشداریمان لە خۆپیشاندانی توێژەکان بە پێشەنگایەتی مامۆستایانمان کرد، مامۆستایان توێژی گرنگ و پەروەردەکاری کۆمەڵگەن و هۆشیار و ڕۆشنبیرن، مامۆستایان داکۆکی لە مافەکانی خۆیان دەکەن و مامۆستایەکی ئازاد دەتوانێت نەوەیەکی ئازاد پەروەردە بکات.

 

تارا حسێن ئەوەشی خستەڕوو کە نزیکەی سێ مانگە مامۆستایان لە ناڕەزایەتیدان، بەڵام حکومەت بێباکە لە ئاست داواکاری مامۆستایان و مووچەخۆراندا، "لەوە نزیک دەبینەوە کە ساڵێکی خوێندن و ژیانی خوێندکاران بەفیڕۆ بچێت، بەڵام حکومەت بێباکە لە ڕەوش و ژیانی دەیان هەزار مامۆستا و سەدان هەزار خوێندکار، ئەمەش پێمان دەڵێت کە بەڕێوەبردنی ئەم حکومەتە بەڕێوەبردنێکی دیموکراتی نییە، چونکە بە چاوێک سەیری هاوڵاتییەکی سلێمانی و شارەزوور و گەرمیان، لەگەڵ هاوڵاتییەکی هەولێر و بادینان ناکات، ئێستا مۆدێلی پێکەوە ژیان و یەکدی قبوڵ کردنە، بەڵام تازە دەسەڵاتی کوردی لە باشووری کوردستان جیاکاری لە نێوان شار و شارۆچکە و گوندەکاندا دەکات، ئێمە دەڵێین پێش ئەوەی لە مامۆستایان و توێژەکان بپاڕێنەوە، با گوێ لە داخوازییەکانیان بگرن.