کەسێک دەستگیر کرا کە توندوتیژی بەرامبەر ٢٣٠ ژن کردووە

کەسێک لە دهۆک کە لە ڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە توندوتیژی بەرامبەر ٢٣٠ ژن کردووە و دەستگیر کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

توندوتیژی ئەلیکترۆنی و لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە دیارترین جۆری توندوتیژییە بەرامبەر ژنان لە هەموو وڵاتاندا، ژنان دەکەنە ئامانج و بەهۆی نەبوونی هۆشیاریی کۆمەڵگەو خێزانەوە ژنان دەکەونە بارودۆخێکی سەخت و بەشێکی ژنان لەبەرامبەر ئەو توندوتیژییە دەنگ ناکەن  و سکاڵا تۆمار ناکەن.

 

لە درێژەی هەوڵەکان بۆ ئاشکراکردنی تاوانبارانی ئەلیکترۆنی، دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان بڵاویان کردەوە، لە دهۆک کەسێکیان دەستگیر کردووە، کە لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرامەوە بە پێنج هەژماری ساختە توندوتیژی بەرامبەر ٢٣٠ ژن کردووە.

 

ئەو کەسە تاوانبارە، نامەی گێچەڵپێکردن و هەڕەشەی ناردووەو داوای وێنە و ڤیدیۆی لە ژنان کردووە، بەشێک لەو ژنانە ڕادەستی فشارەکان بوون و داواکارییەکانی تۆمەتباریان جێبەجێ کردووە، بەڵام بەشێکی دیکەیان بوێرانە بەرەنگاری بوونەتەوە و سکاڵایان تۆمار کردووە و توانراوە کەسەکە دەستگیر بکرێت.

 

ئەوە لەکاتێکدایە لە ساڵی ٢٠٠٨، پەرلەمانی هەرێمی کوردستان یاسای ژمارە شەشی قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردنی پەسەندکرد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناوزڕاندن و خراپ بەکارهێنانی ئامرازە نوێکانی پەیوەندییکردن، بەڵام ئەو یاسایەش وەک زۆربەی یاساکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، زۆرینەی کات بە خواستی دەسەڵات بەکاریەت، کەسانی ماف پارێز، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لەڕێگەی ئەو یاسایەوە دەکرێنە ئامانج.