ڕانیە، ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس بەرز ڕاگیرا
بە پێشەنگایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شاری ڕانیە ساڵیادی شەهیدانی کۆمەڵکوژی یەکەمی پاریس بەرز ڕاگیرا و ئامانجی پشت کۆمەڵکوژییەکە خرایەڕوو.
دیڤان سیهاد
ڕاپەڕین- پاشنیوەڕۆی دوێنێ لە شاری ڕانیە، بە بۆنەی ١١یەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریس، کە هەریەک لە شۆڕشگێڕان ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز بە دەستی میتی تورک تیرۆر کران، ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە دروشمی "بە ژن، ژیان، ئازادی بەرەو شۆڕشی ژن هەنگاو دەنێین" سیمینارێکیان پێشکەش کرد.
سیمینارەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکی شەهیدان دەستی پێكرد، شادی سەمەد، ئەندامی ڕژاک، ژیاننامەی ژنانی تیرۆرکراوی کۆمەڵکوژی ٢٠١٣ی پاریسی خستەڕوو، باسی لەوەشکرد، کە ئامانجی دەوڵەتانی داگیرکەر و دەسەڵاتخواز بێدەنگکردنی دەنگ و تێکۆشانی ژنانە، بەڵام لە کەسایەتی ساکینەدا ژنان هەموو کۆت و بەندەکانیان شکاند و هەنگاوی تێکۆشانیان بەرەو ئازادی ناوە.
لە درێژەی سیمینارەکەدا سینەفزیۆنێک لەسەر ساکینە جانسز، فیدان دۆغان و لەیلا شایلەمەز پێشکەش کرا.
شادی سەمەد، ئەندامی ڕژاک، باسی لە هەرسێ شەهیدان ساکینە جانسز و هەڤاڵانی کرد کە کاریگەر و خەباتگێڕ بوون و لە کوردستان و جیهانیشدا تێکۆشانیان کردووە، وتیشی: ساکینە جانسز چەندین ساڵ لەناو خەباتی گەلی کورددا بووە، لە دۆخێکی سەختدا بڕیاریدا بەشداری تێکۆشان و ڕزگارکردنی گەلەکەی و ژنانی بکات، هەر لە منداڵییەوە کە ڕێگری لێدەکرا بە کوردی قسە بکات، هەستی بەوە کرد کە زوڵم و ستەمی لێدەکرێت، دیارە تیرۆرکردنی هەڤاڵ ساکینە یانزە ساڵ بەر لە ئێستا دەنگدانەوەیەکی گەورەی دروستکرد و هەتا ئێستاش ساکینە جانسز کاریگەری گەورەی لە سەر ژنانی کۆمەڵگەی کوردی دروستکرد.
شادی سەمەد ئەوەشی خستەڕوو، کە دوژمنانی کورد هەمیشە لە ژنانی ئازاد ترساون، وتیشی: بە تیرۆرکردنی ژنان دوژمنان دەیانەوێت ژنی بەهێز لەناوببەن بۆ ئەوەی کۆمەڵگە بە تەواوی بسڕنەوە، بۆیە لە باشووری کوردستاندا پێویستە ژنان هەموو پێکەوە پێویستە پاڵپشتی یەک بن و هەوڵ بدەن خۆیان ڕۆشنبیر و بەرەوپێش ببەن، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو تەندروست پەروەردە بکەین و پەرە بە هزری ئازادی خۆمان بدەین.
بەڕێز نەورۆز وەکو گەنجێکی ئازادیخواز لە یانزەمین ساڵیادی کۆمەڵکوژی پاریس بەشداربوو، وتی: هیوادارم هەموو ژنی کورد لەسەر ڕێبازەکەی شەهید ساکینە بڕۆن و تێکۆشان و خەباتی خۆیان بەجێ بگەیەنن.