دیوانیە، ئاگر لە نەخۆشخانەیەک کەوتەوە و چوار منداڵی ساوا گیانیان لەدەستدا

کارەساتێکی نوێ لە عێراق ڕوویدا، ئاگر لە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان لە شاری دیوانیە کەوتەوە و بەهۆیەوە چوار ساوای پێشوەختە گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ بەهۆی شۆڕتی کارەباوە نەخۆشخانەی ژنان و منداڵان لە شاری دیوانیەی عێراق کەوتەوە و مانگی سووری عێراقی بڵاویکردەوە، بەهۆی ئاگرەکەوە چوار کۆرپەی پێشوەختە گیانیان لەدەستدا و ٢٠ منداڵی دیکەش خنکان، ١٥٠ منداڵ و ١٩٠ پەرستار و چاودێر لە نەخۆشخانەکە ڕزگار کراون.

 

وەزیری تەندروستی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لە نەخۆشخانەکەوە ڕوونیکردەوە "ئاگرەکە لە دەرەوەی هۆڵەکانی نەخۆشخانەکان لەناو کەلوپەلەکاندا ڕوویداوە، کە بەشێکیان کاغەز و کەرەستەی دیکەی کۆمپانیایەک بووە کە کاردەکات بۆ نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانەکە".

 

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەمە بووە هۆی دزەکردنی دووکەڵ بۆ ناو نەخۆشخانەکە، بەڵام ئاگرەکە نەچووەتە ناو نەخۆشخانەکە، هەروەها کارمەندانی نەخۆشخانەکە نەخۆشەکانی ئێستایان گواستووەتەوە، بە تایبەتی منداڵی تازەلەدایکبوو، بەڵام ئەوانەی پێشوەختە لەدایکبوون بارودۆخیان ناجێگیرە و بەهۆیەوە چوار کۆرپەی پێشوەختە گیانیان لەدەستداوە.

 

شایەنی باسە لە عێراق زۆرجار کۆمپانیا و ناوەندەکان پابەندی ڕێنماییەکانی سەلامەتی بە تایبەت لە کەرتی بیناسازی و گواستنەوەدا نابن و ژێرخانی ئەم وڵاتەش لە ئەنجامی دەیان ساڵەی ململانێکان وێران بووە، کە چەندین جار بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر و کارەساتی کوشندە.

 

دوا ڕووداویش لە لە ٢٦ی ئەیلوولی ٢٠٢٣دا لە کاتی ئاهەنگی هاوسەرگیری لە شارۆچکەی قەرەقوش لە باکووری عێراق لە هۆڵێکدا کەوتەوە و زیاتر لە ١٠٧ کەس گیانیان لەدەستدا، بەهۆی یارییە ئاگرینەکان و کەرەستەی بیناسازی.