جەخت لەسەر جێبەجێکردنی یاسای تایبەت بە ژنان دەکرێتەوە

دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ساڵانەی هەماهەنگی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، تیشکی خستەسەر بڕگەکانی پەیوەست بە ژنان و ڕۆڵیان لە هاوپەیمانی کۆمەڵایەتی و تاوتوێکردنیان.

ڕەققە

 

کۆبوونەوەی ساڵانەی هەماهەنگی ژنان لە خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دوێنێ، ٨ی کانوونی دووەم لە شاری ڕەققە بەڕێوەچوو، هەمان ڕۆژ بە ئامادەکردنی کۆمەڵێک ڕاسپاردە کۆتایی هات، کە دیارترینیان کارکردن بوو بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی پەیوەندیدار بە ژنان و کردنەوەی ماڵی پاراستن بۆ ژنان لە ناوچەکەدا.

 

فاتیمە خەلیل، جێگری هاوسەرۆکایەتی ئەنجومەنی گەلی دیموکرات لە خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیک، وتی: لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایەسەر ڕاپۆرتی ساڵانەی هەرێمەکان و دیارترین ئاستەنگەکان کە لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کاری ژنان بوونەتەوە، خرایەڕوو، باس لە پەرەپێدانی میکانیزمێکی نوێ بۆ چۆنیەتی چارەسەرکردنی ئەو ڕێگرییانەی بەردەم ژنان کرایەوە.

 

سەبارەت بە هۆکاری جێبەجێنەکردنی هەندێک لەو بڕگانەی کە لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەی ساڵانەی ساڵی ڕابردووەوە سەرچاوەی گرتووە، ڕوونیکردەوە، "بەهۆی بارودۆخی ئێستای ناوچەکە و هێرش و بەئامانجکردنیان لەلایەن داگیرکاری تورکیاوە، هەندێک بڕگە جێبەجێ نەکرا و دواخران بۆ ئەوەی زیاد بکرێت بۆ ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی ساڵانەی ئەمساڵ. گرنگترین بابەتەکان بریتین لە ئەنجامدانی کۆنفرانسێک لەلایەن هەماهەنگی ژنانەوە بۆ ڕوونکردنەوەی بابەتی تایبەت بە ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە هاوپەیمانیی کۆمەڵایەتیدا، هەروەها بۆ گفتوگۆکردن بابەتی تایبەت پەیوەست بە ژنان و ڕۆڵی ئەوان تیایدا، کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی خێرایی خەبات لە دژی ئەو سیاسەتە سیستماتیکیانەی کە لە دژی ئەوان داڕێژراون، بە تایبەتی لەلایەن تورکەکانەوە.

 

فاتمە خەلیل ئاماژەی بەوەشکرد، "بابەتی دیکەش هەبوون سەبارەت بە گرنگی بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی توندوتیژی و هەڵاواردن و بازرگانیکردن بە ژنان لەلایەن ڕژێمە تاکڕەو و پیاوسالارەکان و سەرمایەدارییەوە، هەروەها بەشداریکردن لە چالاککردنی ڕۆڵی ژنان لە کردار و بڕیاردانی سیاسیدا، پەرەپێدانی ستراتیژی و پلان بۆ هەڵمەتی هۆشیاری و پەروەردە بۆ پێشخستنی واقیعی ژنان و کۆمەڵگە و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی یاساکانی پەیوەست بە ژنان، بە تایبەت یاسای خێزان، ئەنجامدانی سیمینار و وۆرک شۆپ، ئەنجامدانی چالاکیی جۆراوجۆر بۆ ڕوونکردنەوەی منداڵپارێزی یاسا، پشتگیریکردن و هاندانی ئابووری ژنان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ کەمکردنەوەی دیاردەی بێکاری، فراوانکردنی بازنەی پەیوەندی و هاوپەیمانی لەگەڵ بزووتنەوە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکانی ژنان بۆ خزمەتکردنی پرسەکانی ژنان، هەروەها پشتگیریکردن و هاوکاریکردنی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی ژنان".

 

فاتیمە خەلیل جەختی لەسەر پێویستی کارکردن لەسەر هەموو بڕگە و ڕاسپاردەکان بۆ ئەمساڵ و جێبەجێکردنی بە تەواوی کردەوە، بەو پێیەی خەمی پرسەکانی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە پێشخستنی کۆمەڵگەدایە.