ڕویا سزای ٧٤ قامچی بۆ دەرچوو بە بیانووی دژایەتیکردنی حیجابی ناچاری

بە بیانووی پابەند نەبوون بە جلوبەرگی ناچاری سزای ٧٤ قامچیی بەسەر ڕویا حیشمەتی جێبەجێ کرا.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕویا حیشمەتی، ژنێکی گەنجی ٣٣ ساڵە، خەڵکی شاری سنە و دانیشتووی تارانە، سزای ٧٤ قامچی بەسەردا جێبەجێ کرا، تەنیا لەبەر پابەند نەبوون بە جلوبەرگ و ئیجابی ناچاری.

 

ڕویا حیشمەتی، وێڕای خستنەڕووی ئەوەی، کە لە ٣ی کانوونی دووەم داواکاری گشتیی ناوچەی ٧ بانگهێشتنامەیەکی دەرکردووە و ٧٤ قامچی لێیداوە، نووسیویەتی "لە دادگادا ڕەتمکردەوە ئیجابەکەم لەبەر بکەم، پیاوێک لەبەردەم دادوەردا، لە شوێنێکدا کە "ژووری ئەشکەنجەدانی سەدەی ناوەڕاست" بوو، قامچی لێمدا".

 

ڕویا ئەوەشی نووسیوە: لێدانەکانم نەژمارد، لە ژێر لێوەوە دروشمم دەوتەوە، بە ناوی ژن، بە ناوی ژیان، بەرگی کۆیلایەتی دەدڕێت، با شەو ڕەشەکەمان بەیانی بێت، هەموو قامچیەکان پێویستە تەقەمەنی لێبدرێت.

 

ئەم تاوانەی حوکمەتی ئێران کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، تەنانەت زۆرێک لە لایەنگرانی حیجابی ناچاریش ئەم کارەیان شەرمەزار کردووە.

 

ڕویا حیشمەتی بە بیانووی بڵاوکردنەوەی وێنە بە جلوبەرگی دڵخوازی خۆی لە شەقامەکانی تاران بە یەک ساڵ زیندانی هەڵپەسێردراو و سێ ساڵ قەدەغەی هاتووچۆ و ٧٤ قامچی لە لایەن دادگای ئینقلابی تارانەوە بەسەردا سەپێندرا.

 

دەقی نووسراوەکەی ڕویا حیشمەتی؛

ئەمڕۆ سەر لە بەیانی لە لایەن بەشی جێبەجێ کردنی دادگاوە بۆ لێدانی ۷٤ قامچی ( شەلاق ) کە بە سەرم دا سەپابوو، پەیوەندییان پێوە کردم، منیش پارێزەرەکەمم ئاگادار کردەوە، پێکەوە ڕۆشتین بۆ دادسەرای ناوچەی ۷ لە تاران. کە چووینە بەشی یەکی جێبەجێی سزا، سەرپۆشەکەم لا برد. کارمەندەکە پێی وتم، "سەرپۆشەکەت لە سەر بکە با تووشی کێشە نەبی".

 

پێم وت: هاتووم بە بۆنەی لەسەر نەکردنی ئەو سەرپۆشە قامچیم لێ بدرێت"

پەیوەندی بە کارمەندی جێبەجێکارەوە گرت و هات و وتی: سەرپۆشەکەت لە سەر بکە و لەگەڵم وەرە.

وتم: نا، شتی وا ناکەم.

وتی: نایکەی؟ بە جۆرێ ئەو شەلاقەت لێ ئەدەم بزانی لە کوێی، فایلێکی تازەشت بۆ دەکەمەوە و ۷٤ قامچی تریش میوانی خۆمی.

سەرباری ئەوەش سەرپۆشەکەم لە سەر نەکرد.

 

چوینە خوارەوە، چەند گەنجێکی کوڕیان هێنابوو بۆ لێدانی قامچی، چونکە مەشروبیان خواردبوویەوە، پیاوەکە دیسان هاتەوە و بە توڕە بوونەوە وتی: "مەگەر پێم نەوتی سەرپۆشەکەت بدە بە سەرتا؟

دیسان قبوڵم نەکرد.

دوو ژنی باڵاپۆش هاتن و بە زۆر سەرپۆشەکەیان دا بە سەرما، من سەرپۆشەکەم فڕێدا و ئەوان لە سەریان کردم و من فڕێمدا، ئەم حاڵەتە چەندین جار دووبارە بوویەوە.

 

کەلەبچەیان کردم و سەرپۆشەکەیان بە زۆر دا بە سەرما، بردمیانە ژێر زەمینەکە، ژوورێک بوو لە ژێر پارکینگەکە، دادوەر و ژنێکی باڵاپۆش و پاسداری جێبەجێ کاری حوکمەکە لە تەنیشتم وەستابوون، ژنەکە هەر هەناسەی هەڵ ئەکێشا و ئەیوت" ئەزانم، ئەزانم ، حاکمی ئەو شوێنە مەلایە بوو، ڕووی تێ کردم و پێکەنی، پیاوی خنزر پیزری ڕۆمانی بۆفی کوێری بیرهێنامەوە، ڕووم لێ وەرگێڕا و سەیرم نەکرد.

 

دەرگایەکی ئاسنینیان کردەوە، دیواری ژوورەکە چیمەنتۆ بوو، لە لا ژوورووی ژوورەکە تەختێکی لێ بوو کە کەلەبچە بۆ بەستنەوەی قاچ و دەستی پێوە بوو، زیاتر لە ژووری ئەشکەنجەی سەدەی ناوەڕاست دەچوو، دادوەرەکە پرسی: خانم حاڵت باشە؟ کێشەت نیە؟

 

وەک ئەوەی بوونی نەبێ وەڵامم نەدایەوە، وتی: خانم لەگەڵ تۆمە. دیسان وەڵامم نەدایەوە، پاسداری جێبەجێکەری حوکمەکە وتی: کۆتەکەت داکەنە .

 

کۆت و سەرپۆشەکەم بە تەختی ئەشکەنجەکەدا هەڵواسی، وتی: سەرپۆشەکەت بدە بە سەرتا .

وتم: نایدەم، قورئانەکەت بنێ ژێر پاڵتۆکەت و بە قامچیەکەت لێم دە.

ژنە باڵاپۆشەکە هاتە پێشەوە و وتی: تکات لێ دەکەم واز بێنە و سەرپۆشەکەت بپۆشە، سەرپۆشەکەی لە سەرم کرد.

 

مەلاکە بە پاسدارەکەی وت زۆر توند لێی مەدە، ئەو پیاوە بچوکە دەستی کرد بە لێدانی قامچی بۆ سەر شانم، ناو شانم، پشتم، سمتم، کەمەرم، ڕانم، قاچم، دیسان سەر لە نوێ و سەر لە نوێ، لێدانەکانم نەدەژمارد، لە ژێر لێوەوە و وەک گۆرانی ئەموت بە ناوی ژن، بە ناوی ژیان، بەرگی کۆیلایەتی دەدڕێت، با شەوە ڕەشەکەمان بەیانی بێت، هەموو قامچیەکان پێویستە تەقەمەنی لێبدرێت.

 

تەواو بوو و هاتینە دەرەوە، نەمهێشت وا بیربکەنەوە ئازارم چێشتووە، ئەوان بچوکتر لەوەن، هاتینەوە قاتی سەرەوە بۆ لای دادوەر، لە بەر دەرگاکە دیسان سەرپۆشەکەم فڕێدا و ژنەکە دیسان وتی: تکات لێ دەکەم بیدەوە بە سەرتا و من دیسان قبوڵم نەکرد، لە ژوورەکە بە زۆر دایەوە بە سەرما، دادوەرەکە وتی: ئێمە خۆمان خۆشحاڵ نین بەم کارانە، بەڵام حوکمەو دراوە و دەبێ جێبەجێی بکەین.

وەڵامیم نەدایەوە و وتی: ئەگەر دەتەوێت جۆرێکیتر ژیان بکەیت بڕۆ دەرەوەی وڵات .

وتم: ئەم وڵاتە هی هەمووانە.

وتی: بەڵێ بەڵام دەبێت یاساکەی پەیڕەو بکرێت.

وتم: با یاسا کاری خۆی بکات، ئێمەش بەردەوام دەبین لە خەبات و بەرگری.

لە ژوورەکەی هاتینە دەرەوە و دیسان سەرپۆشەکەم فڕێدا.