دوای سێڤێ و پاکیزە و فاتمە: تێکۆشان بڵند دەکەین

هەشت ساڵ بەسەر کوشتنی سێڤێ دەمیر و پاکیزە نایر و فاتمە ئویار تێدەپەڕێت، ئاسومان کولتەر ڕایگەیاند کە ناوی ئەو سێ ژنە خۆڕاگرە لە شەقامەکانی سلۆپیا دەنگی داوەتەوە و ئێمە میراتی خەباتی ئەوانمان درێژەپێداوە.

مەدینە مامەد ئۆغڵو

 

ئامەد- لە ٤ی کانوونی دووەمی ٢٠١٦ و هاوکاتی قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە ناوچەی سلۆپی سەر بە شرناخ لە باکووری کوردستان، پاکیزە نایر، هاوسەرۆکی ئەنجومەنی گەلی سلۆپی، فاتمە ئویار، ئەندامی کۆنگرەی ژنانی ئازاد-کەژەئە و سێڤێ دەمیر، ئەندامی ئەنجومەنی پارتی هەرێمە دیموکراتییەکان بە گولـلەی زرێپۆشەکانی دەوڵەتی تورکیا، لە کاتی چوونیان لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە کوژران، تەرمی ئەو سێ ژنە تێکۆشەرە لە ٥ی کانوونی دووەم دۆزرایەوە و دوای ئەوانیش چەندین ژنی تێکۆشەری دیکە کرانە ئامانج.

 

"سێڤێ بۆ هەر شوێنێک دەڕۆشت جێپەنجەی خۆی بەجێدەهێشت"

ئاسومان کولتەر، هاوڕێی ئەو سێڤێ و پاکیزە و فاتمە، باسی لە هاوڕێکانی کرد، کە بە تێکۆشانیان بوونەتە نمونە بۆ گەل و هەمیشە ڕێگا ڕۆشن دەکەنەوە، وتیشی: لەگەڵ ئەو سێ هەڤاڵەدا چالاکیی ڕێکخستنیمان بەڕێوە دەبرد، لەو کاتەدا کارکردن لەگەڵ هەڤاڵانی ژن هێزی پێدەبەخشین و چالاکیان دەکردین، هەموو کەسێک سێڤێی دەناسی، بچووایەتە هەر شوێنێک دەبووە خۆشەویستی هەبووان، خۆشەویستییەکی زۆری بۆ کوردی هەبوو، لە هیچ ناوچەیەکدا نەمبینیوە بە زمانی تورکی قسە بکات، هەمیشە پشتی بە زمانی دایکی دەبەست، بە خۆبەخشییەکی زۆرەوە خەباتی ژنانی بەڕێوە دەبرد، لە بواری ڕۆشنبیری و هونەر و ژن و کۆمەڵگەدا خەباتی گرنگی بەڕێوە برد، ساڵانێکی زۆر تێپەڕی، بەڵام کەس ئەو و کارەکانی لەبیر نەکرد، دڵسۆزییەکەی کاریگەری لەسەر خەڵکی دیکەش هەبوو و بەمەش خەباتێکی شەرەفمەندانە چ لە زیندان و چ لە دەرەوە بەڕێوەبرد.

 

"سەرەڕای هەموو شتێک بە بڕیار و بە ئیرادە بوون"

ئاسومان کولتەر باسی لە پاکیزە و فاتمە کرد، کە سەرەڕای هەموو سەختییەکان سازشیان لە ئیرادەی خۆیان نەکرد و وتی: هەڤاڵ پاکیزە لێرە گەورە بوو و لەناو تێکۆشاندا بوو، هەرچەندە هەڤاڵێکی نوێ بوو، بەڵام بە زیرەکییەکەی ناسرابوو، ساڵانێک بۆ خۆی و خێزانەکەی کاری دەکرد، بەڵام هەمیشە کاری ڕێکخستنی دەکرد، ژنان هێشتا ئەویان بە نمونە دەگرت، کاتێک کوژرا کاریگەری جددی لەسەر خەڵک و ژنانی ئێرە بەجێهێشت، یادەوەری و ناوی ئەو هێشتا لەم شەقامانەدا دەنگ دەداتەوە. هەڤاڵ فاتمەش یەکێک بوو لەو ژنانەی کە لە سەردەمی خەباتی گەنجانەوە دەستی پێکرد و سەرەڕای تەمەنی گەنجی و ئەو فشارانەی ڕووبەڕووی دەبووەوە، هەرگیز پاشەکشەی نەکرد، چووە زیندان و ئەو هەموو سەختیانەی بەسەردا هات، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری ئیرادەی خۆی نەبوو، هەم خەباتی ئەو و هەم خەباتی بنەماڵەکەی لەلایەن هەمووانەوە دەزانرێت.

 

"خەباتی ئەوانمان لەبیر نەکردووە"

ئاسومان کولتەر ڕایگەیاند کە ئەو سێ ژنە تێکۆشەرە بە مەبەست کرانە ئامانج و وتی: نە ئێمە و نە گەلەکەمان ئەم ڕۆژە لەبیر ناکەین، ساڵانێک تێپەڕیوە بەڵام ئێمە لەبیریان ناکەین و بۆ هەمیشە درێژە بە میراتەکەیان دەدەین، ئێمە دەستبەرداری ئامانجەکانیان نابین و کارە تەواونەکراوەکانیان تەواو دەکەین.

 

"دەسەڵاتداران لە مێژووەوە ژنانیان کردووەتە ئامانج"

سۆزان ئیشبیلەن، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی ڕۆزا، کاردانەوەی بەرامبەر بەو کۆمەڵکوژییە دەربڕی و ڕایگەیاند کە ژنان و ژنانی کورد کە لە پێناو ئازادیدا خەبات دەکەن لە مێژووەوە ئامانجی دەسەڵات بوون و وتیشی: لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ، هەموو دەسەڵاتداران ژنیان بە نەبوو داناوە و وەها بوونەتە دەسەڵاتدار، بە وتەی دەسەڵاتداران پێویستە ژنان لە ماڵەوە بمێننەوە و لە ڕووی ئازادییەوە کێشەیان نەبێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ خەباتی ژنان کە هەمیشە حکومەتی هەژاندووە، دەسەڵات ویستی بە گرتنی ژنان و ڕێگریکردن لە ڕێکخستنی ژنان ئەم خەباتە ڕابگرێت، بۆیەش ژنان هەمیشە کراونەتە ئامانج.