لە بوومەلەرزەکەی ژاپۆن ٦٢ کەس گیانیان لەدەستدا و سەدانیش برینداربوون

کاربەدەستانی ژاپۆن ڕایانگەیاند، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەی وڵاتەکەوە گەیشتووەتە ٦٢ کەس و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش برینداربوون.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەو بوومەلەرزەیەی لە یەکەم ڕۆژی ساڵی نوێدا ژاپۆنی گرتەوە، بەهێزترین بوومەلەرزەیە لە ساڵی ١٨٨٥ەوە تۆمار کرابێت، هۆشداری دەدرێت لە ئەگەری بوومەلەرزەی بەهێزتر، لە ڕۆژی دووشەممەوە زیاتر لە ٣٠٠ بوومەلەرزە تۆمارکراوە کە بەهێزترینیان بە پێوەری ٧.٦ پلەی ڕێختەر بووە.

 

بەپێی ئەو داتایانەی ڕۆژی ٣ی کانوونی دووەم لەلایەن دەسەڵاتدارانی ژاپۆنەوە بڵاوکراونەتەوە، ژمارەی گیان لەدەستدان بەهۆی بوومەلەرزەکەوە گەیشتە ٦٢ کەس و زیاتر لە ٣٠٠ کەسیش بریندارن، لەناویاندا ٢٠ کەس بە سەختی برینداربوون، کە زۆربەیان لە پارێزگای ئیشیکاوا بوون.

 

سەرەڕای ئەو بارانەی ئەم بەیانیە ناوچەکەی گرتووەتەوە، تیمەکان و کارمەندانی فریاکەوتن و سوپا هێشتا بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ پاککردنەوەی داروپەردوو پاشماوەکان و گەڕان بەدوای ڕزگاربووان، کاربەدەستان ئاماژەیان بەوەدا کە ناچارکراون نزیکەی ٦٠ هەزار لە دانیشتووانی پارێزگای ئیشیکاوا و نیگاتا چۆڵ بکەن، دوای ئەوەی زیاتر لە ٢٠٠ ماڵ وێران بوون و زیاتر لە ١٠٠ باڵەخانەش ڕووخاون.

 

هەروەها زیان بە ٣٣ هەزار ماڵ گەیشتووە، دابینکردنی کارەبا لە ناوچە زیانلێکەوتووەکان وەستاوە، پەیوەندییەکان و ئینتەرنێت وەستاون و زۆرێک لەو ناوچانە ڕووبەڕووی قەیرانی سەرچاوەی ئاو بوونەتەوە.

 

کاربەدەستان داوایان لە دانیشتووانی وڵاتەکە کردووە ئاگاداربن و بەدوای پەیامە فەرمییەکانی خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن و بەرپرسانی فەرمیدا بگەڕێن، ئاژانسی گشتی کەشناسی ژاپۆن ئەمڕۆ ڕایگەیاند بوومەلەرزەیەک بە پێوەری ٥.٥  ڕیختەر جارێکی دیکە لە پارێزگای ئیشیکاوا ڕوویدا، کە ١٠ کیلۆمەتر لە قوڵایی زەوییەوە بووە.