تا ئێستا ١٠٦ ڕۆژنامەنووس لە غەززە گیانیان لەدەستداوە

ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی بەهۆی جەنگی حەماس و ئیسرائییلەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ١٠٦ ڕۆژنامەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

لە بەیاننامەیەکدا کە لەلایەن نوسینگەی ڕاگەیاندنی حکومەتی غەززەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە ڕۆژنامەنووسێکی دیکە لە هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر کامپی پەنابەرانی عەین-نوسەیرات گیانی لەدەستداوە.

 

لە بەیاننامەکەدا هاتووە: جەبر ئەبو حەدروس، پەیامنیری کەناڵی ئەلقودس لە هێرشەکەدا گیانی لەدەستداوەو ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گیانیان لەدەستداوە بووە ١٠٦ ڕۆژنامەنووس.

 

لە بەیاننامەکەی نوسینگەی ڕاگەیاندندا ئاماژە بەوەشکراوە، ئیسرائیل بە مەبەست ڕۆژنامەنووسانی کردووەتە ئامانج بۆ ئەوەی فەڵەستین بێدەنگ بکات و ڕاستییەکان بشارێتەوە و ڕێگری بکات لەوەی زانیاری بگاتە خەڵکی نێودەوڵەتی و ناوچەکە.