قامیشلۆ، کرێکارە بریندارەکەی چاپخانەی سیماڤ باس لە هێرشەکە دەکات

ڕۆبن خەلیل، لە کاتی هێرشی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان لە چاپخانەی سیماڤ بریندار بوو، یەکێکە لە شایەتحاڵەکانی کۆمەڵکوژییەکە و باس لە کاتی هێرشەکە دەکات.

عەبیر محەمەد
 

قامیشلۆ- دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر کە لە ٤ی تشرینی یەکەمەوە هێرشی بۆ سەر ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا چڕکردووەتەوە، لە ٢٣ی کانوونی یەکەمەوە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ژێرخانی ناوچەکە، لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا، ٢٢ ناوەندی خزمەتگوزاری بە نەخۆشخانەکانیشەوە بۆردوومان کراون، لەو هێرشانەدا ٨ هاوڵاتی گیانیان لەدەستداوە و ١٣ کەسیش بریندار بوون.

 

چاپخانەی سیماڤ لە قامیشلۆ یەکێکە لەو ناوەندانەی بووە جێی ئامانجی دەوڵەتی تورکیا و بۆردوومان کرا، ٤ هاوڵاتی بە ناوەکانی، فەرحان خەلەف، بێریڤان محەمەد، حسێن ئەحمەد و ڕیاز هەمۆ گیانیان لەدەستدا، ڕۆبن خەلیلی ٣٣ ساڵ، لە بەشی دیزاینی چاپخانەکە کاری دەکرد، شایەتحاڵی کۆمەڵکوژییەکەیە و بەهۆی بۆردوومانەوە قاچ و قۆڵ و سەری بە سەختی بریندار بوو.

 

ڕۆبن خەلیل باسی وردەکارییەکانی هێرشەکەی کرد و بە دڵتەنگیەوە دەڵێت کە لە ئەنجامی هێرشەکەدا ٥ هاوڕێی لەدەستداوە، وتی: چەندین ساڵە پەرتوک قوتابخانە و و گۆڤارمان چاپ دەکرد، ئێستاش ئێمە پەڕاو و پەرتوکی نووسەران بڵاو دەکەینەوە، جگە لە هەندێک شتی تری وەک گۆڤار و بروشور بۆ منداڵان، هەندێک جار ڕۆژنامەش چاپ دەکەین، لەم چاپخانەیەدا نزیکەی ٢٠ کەس کار دەکەن و هەر یەکێکیان لە بەشێکی تایبەتدایە، ئێمە بەهۆی هێرشەکەوە ٥ هاوڕێمان لە چاپخانەکەدا شەهید بوون و چەندین برینداریش هەن.

 

ڕۆبن محەمەد باسی ئەو ساتانە دەکات و دەڵێت: هێشتا ١٢:٠٠ی نیوەڕۆ تێنەپەڕی بوو، پێش ئەوە تەقینەوەیەک لە نزیک ئێمە ڕوویدا، من و دوو هاوڕێم بێریڤان و ڕێناس کە شەهید بوون لە تەنیشت یەکتر وەستابووین، دواتر تۆپبارانەکە ڕوویدا و ئیتر هەستمان بە هیچ نەکرد، پێش ئەوەی ژیانی لەدەستبدات، تەنها دەنگی بێریڤان دەبیسترا کە بانگی منی دەکرد.

 

"ئەوەی ڕوویدا کاری تیرۆرە"

ڕۆبن محەمەد دووپاتی کردەوە، ئەم هێرشە کردەوەیەکی تیرۆریستییە لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدرا، "هەستێکی سەخت و دژوارە کە شرۆڤە ناکرێت کە من لە ژیاندا ماوم، ئەوەی تورکیا دەیکات کارێکی تیرۆریستییە، ئێمە بژێوی ژیانمان بەم چاپخانەیە دابین دەکرد".