ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە غەززە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٩ ڕۆژنامەنووس

هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامن، ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی گیانیان لەدەستداوە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە، گەیشتە ٩٩ ڕۆژنامەنووس.

ناوەندی هەواڵ

 

هێرشە ئاسمانی و زەمینیەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە بەردەوامە و وەزارەتی تەندروستی غەززە لە دوایین بەیاننامەی خۆیدا ڕایگەیاند، ژمارەی ئەو کەسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتووەتە ٢٠ هەزار و ٥٧ کەس و ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە ٥٣ هەزار و ٣٢٠ کەس.

 

بەپێی هەواڵی ئاژانسی فەرمی فەلەستین-وافا، سوپای ئیسرائیل شەوی ڕابردوو بۆردوومانی کامپی پەنابەرانی نوسیراتی لە ناوەڕاستی غەززە کردووە و لانیکەم ١٨ فەلەستینی گیانیان لەدەستدا، دەیان کەسیش بریندار بوون.

 

هەروەها سوپای ئیسرائیل دامەزراوەی پاککردنەوەی ئاوی لە شەقامی غەززەی کۆن لە شاری جیبالی لە بەشی باکووری غەززە کردە ئامانج و زیانی لێکەوتەوە، مانگی سووری فەلەستینیش لە بەیاننامەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بەرەی نەخۆشخانەی ئەلعامل سەر بە مانگی سووری فەلەستین لە خان یونس لە باشووری غەززە بە توندی لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە بۆردوومان کراوە، هەر لە خان یونس، سوپای ئیسرائیل ماڵێکی سەر بە بنەماڵەی "عەرەفە"ی لە گەڕەکی ئەلعامل بۆردوومان کرد.

 

ڕۆژنامەنووسێکی دیکەش کوژرا

نووسینگەی ڕاگەیاندنی حکوومەت لە غەززە ڕایگەیاند، ڕۆژنامەنووسی فەلەستینی محەممەد خەلیفە لە هێرشەکانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گیانی لەدەستداوە. ژمارەی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە لە ٧ی تشرینی یەکەمەوە گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٩ ڕۆژنامەنووس.

 

بەپێی هەواڵەکە، سوپای ئیسرائیل ماڵی ڕۆژنامەنووس محەمەد خەلیفەی لە کامپی پەنابەرانی نوسیرات لە ناوەندی کەرتی غەززە بۆردوومان کردووە و ئەو ڕۆژنامەنووسە و بەشێکی زۆر لە ئەندامانی بنەماڵەکەی گیانیان لەدەستداوە.

 

لە بەیاننامەکەی فەرمانگەی ڕاگەیاندندا هاتووە کە ئیسرائیل بە ئەنقەست ڕۆژنامەنووسان لە غەززە دەکوژێت، بە مەبەستی بێدەنگکردنی چیرۆکی فەلەستین و شاردنەوەی ڕاستییەکان و ڕێگریکردن لە گەیشتن بە هەواڵ و زانیارییەکان بە خەڵکی ناوچەکە و نێودەوڵەتییەکان.

 

ڕۆژنامەنووسانی بێسنوور سکاڵایان لەلای دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کرد سەبارەت بەو ڕۆژنامەنووسانەی کە لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە کوژراون. لە بەیاننامەیەکیاندا لەبارەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ دژی ڕۆژنامەنووسانی فەلەستینی، ڕاگەیەندرا کە ٧ ڕۆژنامەنووس لە نێوان ٢٢ی تشرینی یەکەم و ١٥ی کانوونی یەکەم لە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە گیانیان لەدەستدا.

 

"چارەکێکی دانیشتووان بە برسێتی دەمرن"

جولیێت توما، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی دەزگای فریاگوزاری و کارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەرانی فەلەستینی ڕایگەیاند، دۆخی ئێستای غەززە کە زیاتر لە دوو مانگ و نیوە لەژێر هێرشی ئیسرائیلدایە، "ترسناکە"، ئەو بەڕێوەبەرە لە بەرنامەی ئەمڕۆی ڕادیۆی بی بی سی ٤ باسی لە دۆخی غەززە کرد و وتی: دۆخی ئێستای غەززە ترسناکە، چارەکێکی دانیشتووانی غەززە بەهۆی برسێتیەوە دەمرن.

 

"لە غەززە شوێنێکی سەلامەت نییە"

ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، کۆمیسیاری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند کە گەورەترین بەربەست لەبەردەم دابەشکردنی یارمەتییە مرۆییەکان لە غەززە "شێوازی هێرشەکانی ئیسرائیلە" و وتی: هیچ شوێنێکی سەلامەت لە غەززە نییە، لە ئەنجامی بۆردوومان و ئۆپەراسیۆنە زەمینییە چڕەکانی ئیسرائیل، خەڵکی مەدەنی بە شێوەیەکی کاریگەر پارێزراو نەبوون و زیاتر لە ٢٠ هەزار فەلەستینی کە زۆربەیان ژن و منداڵن، گیانیان لەدەستداوە و نزیکەی ١.٩ ملیۆن کەسیش ئاوارەبوون.